دوكاندارانی بازاڕی نیشتمان لە ھەولێر ناڕازین

"كرێی مانگانەی دوكانەكانیان لەسەر زیاد كردوین و ئێستا كەمی ناكەنەوە"

گردبونەوەی دوكاندارانی بازاڕی نشتمان
گردبونەوەی دوكاندارانی بازاڕی نشتمان

K24 – ھەولێر

دوكاندارانی بازاڕی نیشتمان لە ھەولێر لە بەردەم بازاڕەكە گردبوونەوە و رایانگەیاند، چەند ساڵێكە كرێی مانگانەی دوكانەكانیان لەسەر زیاد كراوە، قایمقامی ناوەندی ھەولێریش دەڵێ "بەدواداچوونمان بۆ كێشەكان كردووە و بەپێی دەسەڵاتی خۆمان ھەوڵدەدەین كێشەكانیان چارەسەر بكەین".

نوێنەری دوكاندارانی بازاڕی نیشتمان بە كوردستان24ی گوت: "لە ساڵی 2011 كاتێك ئیشی بازاڕ باش بوو كرێیان بە رێژەی 60% لەسەر زیاد كردین، بەڵام لە ساڵی 2014ـەوە دۆخی دارایی گۆڕاو بەرەو خراپی چوو ئێستاشی لەگەڵدابێت جوڵەی بازاڕ زۆر خراپبووە و كرێیەكەمان كەم ناكەنەوە".

گوتیشی: "بەپێی گرێبەستی نێوانمان كۆمپانیا پابەند نییە، لە رووی كرێ و خزمەتگوزاری، لە رووی دەروونییەوە ئازارمان دەدەن".

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی ھەولێر چووە ناو گردبوونەوەی دوكانداران و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەدواداچوونمان بۆ كێشەی دوكانداران كردووە و بەپێی دەسەڵاتی خۆمان ھەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو دوكاندارانەمان داوە".

راشیگەیاند: "كێشە لە گرێبەستی دوكاندارەكان ھەیە، ئەوە بابەتێكی یاساییە، بۆ ئەم مەبەستە لەم ھەفتەیەدا جارێكی دیكە لەگەڵ كۆمپانیاكە بۆ چارەسەر گفتوگۆ دەكەینەوە".

Fly Erbil Advertisment