کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارەی ئێران دەستی پێکرد
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بارەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر ئێران دەستی پێکرد
یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانی کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە پەرەسەندنە سەربازییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوتارێکی پێشکەش کرد و هۆشداریی توندی لە تێکچوونی ئاسایشی نێودەوڵەتی دا.
گۆتێرێز لە گوتارەکەیدا بە شێوەیەکی هاوسەنگ سەرکۆنەی هەردوو لایەنی ململانێکەی کرد و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی ئێران سەرکۆنە کرد. هاوکات، هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو بەحرێن، قەتەر، کوێت، عێراق، سعوودیا و ئیمارات بە توندی ڕەت کردەوە و بە پێشێلکاریی ڕوونی سەروەریی وڵاتان ناوزەدی کردن.
سکرتێری گشتی ئاشکرای کرد کە تا ئێستا 20 شاری جیاوازی ئێران بۆردوومان کراون. ئاماژەی بەوەش کرد کە ناوچەکانی نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی و شوێنی نیشتەجێبوونی ڕێبەری باڵای ئێران کراونەتە ئامانج.
گۆتێرێز گوتی: چەندین سەرکردەی باڵای ئێران کوژراون، بەڵام تا ئێستا ناتوانین بە فەرمی ناونیشان و ناسنامەکانیان پشتڕاست بکەینەوە. سەبارەت بە زیانە مرۆییەکانیش، ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 110 کەس لە ناو قوتابخانەکاندا کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندارن.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، گۆتێرێز ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، 89 کەس کوژراون و زیانێکی زۆریش بەر ژێرخانی وڵاتانی کەنداو کەوتووە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی کە دوای سێ گەڕی دانوستان، دەرفەتەکانی دیپلۆماسی لەناوچوون. گوتیشی: هێرشی سەربازی تەنیا گرژی و ناکۆکی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت؛ ئاشتی تەنیا لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆوە بەدی دێت.
گۆتێرێز تیشکی سەرنجی خستە سەر دۆخی ناوخۆیی ئێران و ڕایگەیاند کە ئێستا ئاسمانی ئەو وڵاتە بە تەواوی داخراوە و هێڵەکانی ئینتەرنێت پچڕاون، ئەمەش گەیشتنی زانیارییە وردەکانی سەختتر کردووە. داواشی لە هەموو لایەک کرد دەستبەجێ گرژییەکان کەم بکەنەوە و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ کۆتاییهێنان بەو ناهەمەتییانەی ڕووبەڕووی خەڵکی سڤیل بووەتەوە.
ئەمریکا: ئێران بووتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە
مایک واڵتز، نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە کۆبوونەوەیەکەدا ڕایگەیاند کە ئێران و سوپای پاسداران بوونەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایش و ژیانی هاووڵاتییان.
واڵتز جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەی ترەمپ هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ چارەسەری ئاشتییانە داوە، گوتیشی: "دیپلۆماسی چەندین جار و بە نیەتێکی باشەوە تاقیکرایەوە؛ ترەمپ، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە، و نێردە تایبەتەکانمان وەک ویتکۆف و کوشنەر بەردەوام سەرنجیان لەسەر دیپلۆماسی بوو، بەڵام دیپلۆماسی ناتوانێت سەرکەوتوو بێت کاتێک هیچ ئامادەییەکی ڕاستەقینە بۆ وەستاندنی دەستدرێژییەکان بوونی نییە."
واڵتز لە بەشێکی تری قسەکانیدا چەندین هۆکاری بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان خستە ڕوو، لەوانە، ئێران چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر کەشتی و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، تاران بەردەوام بووە لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ گرووپە چەکدارەکان بۆ تێکدانی سەقامگیری و واڵتز ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران داواکارییە یاساییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ وازهێنان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕەتکردووەتەوە و بەردەوام بووە لە پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی.
نوێنەرەکەی ئەمریکا هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بە بێ پاساو وەسف کرد و ڕایگەیاند کە واشنتن پابەندە بە پاراستنی سەروەریی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا.
ئێران: بە مافی خۆمان دەزانین وەڵامی هێرشەکان بدەینەوە
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانی گوتارێکەیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتەکەی وەک تاوانی جەنگ و پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوزەد کرد.
ئیرەوانی ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە مەبەست ناوچە سڤیلنشینەکان و ژێرخانە مەدەنییەکانیان کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان هاووڵاتی بێتاوان، بە تایبەتی ئاماژەی بە بۆردوومانکردنی قوتابخانەیەک کرد لەلایەن ئیسرائیلەوە کە تێیدا زیاتر لە 100 قوتابی گیانیان لەدەستداوە، ئەمەشی بە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دژ بە گەلی ئێران وەسف کرد.
نوێنەرەکەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە هەموو ئەو پاساوانەی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهۆ بۆ دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەیهێننەوە، بێ بنەما و نایاسایین و تەنیا بۆ شاردنەوەی پێشێلکارییەکانیانە بەرانبەر بە سەروەریی خاکی ئێران.
ئیرەوانی ئاشکرای کرد کە ئەمریکا لە کاتێکدا پەنای بۆ هێرشی سەربازی بردووە، پڕۆسەی دانوستانەکان بەردەوام بوون، و واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی دەستوەردانی ڕاستەوخۆی لە کاروباری ناوخۆیی ئێراندا کردووە لە ڕێگەی هاندانی هەندێک گرووپی ناوخۆیی بۆ دروستکردنی ئاژاوە و تێکدانی سەقامگیری، کە ئەمەش بە ڕوونی دژی بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
لە بەشێکی تری گوتارەکەیدا، ئیرەوانی گوتی، وڵاتەکەی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی بەرگری لەخۆگرتن، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی ئەم دەستدرێژییانە دەداتەوە و ڕایگەیاند کە ئێران بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت هەموو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکاتە ئامانج.
نوێنەری ئێران دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی دەستبەرداری مافی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتییانەکەی نابێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هێشتا دەرگای بۆ ڕێگەچارە دیپلۆماسییەکان واڵایە، بەو مەرجەی ڕێز لە سەروەری و مافە یاساییەکانی گەلی ئێران بگیرێت.
ئیسرائیل: دروشمەکانی "مەرگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل" جێگەی قبووڵکردن نین
دانی دانۆن، نوێنەری هەمیشەیی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا، بەرگرییەکی توندی لە هێرشە هاوبەشەکانی وڵاتەکەی و ئەمریکا بۆ سەر ئێران کرد و ڕایگەیاند کە تاران بووەتە سەرچاوەی هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی.
دانۆن ئاماژەی بەوە کرد کە دروشمەکانی "مەرگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل" و هەڕەشە بەردەوامەکانی تاران بۆ سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشە، بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵکردن نین و ئیسرائیل چیتر ڕێگە نادات ئەو هەڕەشانە ببەسترێنەوە بە واقیعەوە.
نوێنەرەکەی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران تەنیا وەک ئامادەکارییەک بووە بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ، بەڵام لە ڕێگەی هێرشە وردەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا توانیویانە ئەو مەترسییە گەورەیە ڕابگرن.
دانۆن هۆشداری دا کە وڵاتەکەی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوام دەبێت لە لێدانی بنکە ئەتۆمی و موشەکییەکان و هەرگیز ڕێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە موشەکەکانی ئێران ئێستا دەگەنە هەموو شوێنێکی ناوچەکە و تەنانەت وڵاتانی کەنداویشیان بۆردوومان کردووە.
دانۆن ئاشکرای کرد کە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئەم دوایەی ئێران بۆ سەر شاری تەلئەڤیڤ، 21 کەس بوونەتە قوربانی، هاوکات ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکان بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و هەڕەشەکردن لە ڕێگا دەریاییە نێودەوڵەتییەکان، بۆیە ئامانجی کۆتاییان لەم ئۆپەراسیۆنە تێکشکاندنی یەکجاریی ئەو هەڕەشانەیە.
دانی دانۆن ڕایگەیاند کە تاران نەک تەنیا بۆ دەرەوە، بەڵکوو بۆ ناوخۆش سەرکوتکەرە و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان خۆپیشاندانەکانی گەلی خۆی سەرکوت کردووە.
پەیامێکی ئاراستەی گەلی ئێران کرد و گوتی: ئێمە دوژمنی ئێوە نین و ئەم هێرشانە بۆ سەر خەڵکی سڤیل نین، بەڵکوو تەنیا دژی حکوومەت و سیاسەتە شەڕانگێزەکانی تارانن کە تەواوی ناوچەکەیان خستووەتە ناو جەنگ و مەترسییەوە.