رێبەری باڵای ئێران چۆن هەڵدەبژێردرێت؟
بەگوێرەی ماددەی ١١١ لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە حاڵەتی کۆچی دوایی یان کوژرانی رێبەری باڵادا، ئەرکی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییە کە لە زووترین کاتدا کۆببنەوە بۆ دیاریکردن و ناساندنی رێبەرێکی نوێ بۆ وڵاتەکە.
تا ئەو کاتەی رێبەری نوێ بە فەرمی دەستنیشان دەکرێت، ئەنجوومەنێکی باڵا کە لە سەرۆکی کۆمار و سەرۆکی دەزگای دادوەری و یەکێک لە پیاوانی ئایینی ئەنجوومەنی پاسداران پێکدێت، سەرجەم ئەرک و دەسەڵاتەکانی رێبەری بە شێوەیەکی کاتی لە ئەستۆ دەگرن، کە تێیدا پیاوێکی ئایینی ئەنجوومەنی پاسداران لەلایەن کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمەوە هەڵدەبژێردرێت.
یاساکە ئەوەشی روونکردووەتەوە کە ئەگەر لەو ماوەیەدا هەر یەکێک لە ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە سێ کەسییە بە هەر هۆکارێک نەتوانن ئەرکەکانیان راپەڕێنن، ئەوا کەسێکی دیکە لەلایەن "مەجمەع"ەوە لە شوێنی دادەنرێت، بە مەرجێک لە کاتی گۆڕانکارییەکەدا پارێزگاری لە زۆرینەی پیاوانی ئایینی لەناو ئەنجوومەنە کاتییەکەدا بکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، میدیای فەرمی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، بە فەرمی هەواڵی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.
هاوکات ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی لە زانیارییەکی بەپەلەدا ئاشکرای کرد، کە خامنەیی لەناو نووسینگەکەی خۆیدا لە تاران کوژراوە.
هەروەها حکوومەتی ئێران ماوەی 40 رۆژ ماتەمینی گشتی لە سەرتاسەری وڵات راگەیاند. هاوکات بڕیاردرا بە ڕاگەیاندنی 7 رۆژ پشووی فەرمی و سەرتاسەری لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا.