عەباس عێراقچی: شەڕمان بەسەردا سەپێنراوە
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژە بەوە دەکات، ناکرێت بەرانبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بێدەنگ بین، گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران مەحاڵە و هەرگیز روونادات، لە رۆژانی داهاتوو رێبەری نوێ هەڵدەبژردرێت.
ئەمرۆ یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: تیرۆرکردنی خامنەیی کارێکی مەترسیدارە و پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ئێمە جەنگەکەمان دەستپێنەکردووە، بەڵکو بەسەرئێمەدا سەپێنراوە، دەبێت گوشار لە ئەمریکا و ئیسرائیل بکرێت، چونکە ئەوان جەنگەکەیان هەڵگیرساندووە، هەروەها قسەم لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی قەتەر و عوممان کردووە، ئەوەی لە عوممان روویدا بژاردەی ئێمە نەبوو، چونکە ئێمە هێزەکانمان ئاگادار کردووەتەوە لەوەی وریابن لە ئامانجەکانیان.
عێراقچی گوتی: ناکرێت بەرانبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بێدەنگ بین، گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران مەحاڵە و هەرگیز روونادات، لە رۆژانی داهاتوو رێبەری نوێ هەڵدەبژردرێت، هەروەک دەبینن ئێمە سەرکردەی سەربازیمان لێ کوژراوە، بەڵام یەکسەر سەرکردەی دیکە هاتوونەتە شوێنیان، جەنگی 12 رۆژە ئەوەی سەلماند کە ئێران ملکەچ نابێت، چونکە ئیسرائیل و ئەمریکا وایانزانی ئێمە ملکەچ دەبین.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، جگەلە ئاگربەست هیچ چارەیەکی دیکەیان نییە، ئێمە هەمیشە لەگەڵ دیپلۆماسیەت داین، ئێمە پابەندین بە رێککەوتن، بەڵام بەو مەرجەی وەکخۆی جێبەجێ بکرێت، دەبێت روونکردنەوە بدەن، بۆچی هێرشیان کردووەتەوە سەر ئێمە.