فێردریک مێرتز: چاوپۆشی لە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ناکەین

راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات، چاوپۆشی لە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل ناکەین و  پێویستە کار لەسەر ئەجێندایەک بۆ داهاتووی ئێران بکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، فێردریک مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا راگەیاند: چاوپۆشی لە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل ناکەین، بەرانبەر هەر بەئامانجگرتنێکی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل لە ئەڵمانیا نەرمی نانوێنین

هەروەها گوتی: بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا دەکات و پێویستە کار لەسەر ئەجێندایەک بۆ داهاتووی ئێران بکرێت، ئەورووپا لە داهاتوودا دەبێتە فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە لە سەقامگیریی ئابووریی ئێران.

راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا، پشتگیری لە مافی گەلی ئێران دەکەین، رژێمی ئێران هیچ شەرعییەتێکی نییە بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا.

هاوکات هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ناکرێت بەرانبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بێدەنگ بین، گۆڕینی دەسەڵاتی ئێران مەحاڵە و هەرگیز روونادات، لە رۆژانی داهاتوو رێبەری نوێ هەڵدەبژردرێت، هەروەک دەبینن ئێمە سەرکردەی سەربازیمان لێ کوژراوە، بەڵام یەکسەر سەرکردەی دیکە هاتوونەتە شوێنیان، جەنگی 12 رۆژە ئەوەی سەلماند کە ئێران ملکەچ نابێت، چونکە ئیسرائیل و ئەمریکا وایانزانی ئێمە ملکەچ دەبین.