ئەو عومرەکارە کوردانەی لە مەدینە گیریان خواردبوو بە سەلامەتی گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان
حەج و عومرەی هەرێم: 200 عومرەکار بە رێگەی وشکانی گەڕێندرانەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەکەین گەشتەکانیان دوابخەن.
یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو عومرەکارانەی بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ناوچەکە و نەبوونی گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی مەدینە گیریان خواردبوو، ئێوارەی ئەمڕۆ بە سەلامەتی گەیشتنەوە خاکی هەرێمی کوردستان.
کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی ئەو عومرەکارانە 200 کەس بوون و بەهۆی هەڵوەشانەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، لە رێگەی وشکانییەوە گەڕێندراونەتەوە، جەختیشی کردەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بە بەردەوامی لەسەر هێڵ بووە بۆ چاودێریکردنی دۆخیان تاوەکو گەیشتنەوەی خاڵی کۆتایی.
وتەبێژی حەج و عومرە هۆشداریشی دا، تاوەکو بارودۆخی ناوچەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، لە ئەگەری نەبوونی فڕۆکەدا، ناچار دەبن عومرەکارانی دیکەش بە رێگەی وشکانی بگەڕێننەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، کاروان ستونی داوای لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد، لە پێناو سەلامەتی خۆیان و دوورکەوتنەوە لە گرفت، لەم کات و ساتەدا گەشتەکانیان بۆ عومرە دوابخەن تاوەکو بارودۆخی ئەمنی و گەشتە ئاسمانییەکانی ناوچەکە ئاسایی دەبێتەوە.