عێراق و تورکیا جەخت لە پێویستی راگرتنی شەڕ و هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکەنەوە

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لەگەڵ ئەنیل بورا ئانان، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد و جەختی لە پێویستی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان و هێورکردنەوەی دۆخەکە کردەوە.

یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا کردووە، لە دیدارەکەدا باس لە دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکان و ئەو ئاڵۆزییە سەربازییانە کرا کە ناوچەکە بەخۆوەی دەبینێت، لەگەڵ لێکەوتەکانیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی و نێودەوڵەتی.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەعرەجی دووپاتی کردووەتەوە،"هەڵوێستی عێراق جێگیرە لە پاڵپشتیکردنی هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ گەرانەوەی ئارامی و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان".

جەختیشی کردووەتەوە، "پێویستی راگرتنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکان و کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان لە رێگەی گەرانەوە بۆ رێڕەوی گفتوگۆ و دیپلۆماسی و لێکتێگەیشتنی هاوبەشب بگیرێتەبەر."

ئەعرەجی داواشی کردووە،"ژیری و دانایی" بخرێتە پێش هەموو شتێک بۆ بەهێزکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا و دوورخستنەوەی وڵاتان و گەلان لە مەینەتی و ئاڵۆزی زیاتر.

لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆزی تورکیا ئارەزووی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو دەستپێشخەری و هەوڵانەی کە ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکانە، هەروەها جەختی لە پابەندبوونی ئەنقەرە کردەوە بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان لەگەڵ عێراق، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و گەلانی ناوچەکە بکات.