ناوی حەوت فەرماندەی دیکەی کوژراوی ئێران بڵاوکرایەوە
دامەزراوەی پاراستن و بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانی موقاوەمە و بەرگریی پیرۆز، لە دووەمین بڵاوکراوەیدا، ناوی ژمارەیەک فەرماندەی دیکەی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی بڵاوکردەوە لە هێرشە هاوبەشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران کوژراون.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، نزیک لە سوپای پاسداران، لە بڵاوکراوەی دامەزراوەکەدا هاتووە "جارێکی دیکە کۆمەڵێک لە فەرماندەی ئازیز و بوێری هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هێرشی دڕندانەی ئەمریکا و ئیسرائیل شەهید بوون".
ناوی فەرماندە کوژراوەکان:
- لیوا محەممەد شیرازی، فەرماندەی هێزەکانی بەسیج و بەرپرسی نووسینگەی فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان.
- لیوا ساڵح ئەسەدی، جێگری سەرۆکی هەواڵگری لە دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
- لیوا موحسین دەرباغی، جێگری فەرماندەی لۆجستی و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکان.
- لیوا ئەکبەر ئیبراهیم زادە، جێگری سەرۆک نووسینگەی ئەرکانی فەرماندەیی باڵای هێزە چەکدارەکان.
- لیوا غوڵامڕەزا رەزاییان، فەرماندەی دەزگای هەواڵگری فەرەج
- لیوا بەهرام حوسێنی موتڵەق، بەرپرسی بەشی پلاندانان و ئۆپەراسیۆنەکان، لە نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکان لە دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
- لیوا حەسەن عەلی تاجیک، سەرۆکی بەشی ئامادەکارییەکان لە دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان .
لە بەشی کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەبێت دوژمنانی ئێران و موسڵمانان دەبێ بزانن کە کاروانی رێگەی ئیمام خومەینی و ئیمام خامنەیی بەردەوام دەبێت و بە کوژرانی ئەم فەرماندانەش کاروانەکە راناوەستێت.