سوپای ئیسرائیل شەپۆلێکی دیکەی هێرشی ئاسمانی کردە سەر ئێران
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانیان قۆناغێکی دیکەی هێرشە بەرفراوانەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و چەندین ئامانجی ستراتیژییان لەناو جەرگەی شاری تاران پایتەختی ئەو وڵاتە پێکاوە.
دووشەممە 2ی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل (IDF) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەژێر رێنمایی و چاودێری وردی دەزگای هەواڵگری سەربازی، فڕۆکە جەنگییەکانیان شەپۆلێکی دیکەی هێرشیان بۆ سەر بنکە و دامەزراوەکانی ئێران دەستپێکردووە. ئاماژەی بەوەش کردووە هێرشەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان و چڕ"ئەنجام دەدرێن.
لە نوێترین پەرەسەندنی مەیدانیدا، سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە ئەم شەپۆلە نوێیەی هێرشەکان راستەوخۆ تارانی کردووەتە ئامانج و رایگەیاندووە کە پرۆسە سەربازییەکانیان بەردەوامییان دەبێت.
کەناڵ 14ـی ئیسرائیلی لەوبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی 7 شاری گەورەی لە ئێران کردووەتە ئامانج
هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە تاران بیستراوە.
ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدایە بۆ سەر خاکی ئێران، کە تێیدا سوپای ئیسرائیل هەوڵدەدات توانای سەربازی و بەرگرییەکانی ئەو وڵاتە لاواز بکات.