سێنتکۆم هەواڵی کوژرانی 560 سەربازی ئەمریکی رەت دەکاتەوە

دووشەممە 2ـی ئاداری 2026، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بڵاوکراوەیەکی نوێدا تەواوی ئەو هەواڵ و ئامارانەی رەت کردەوە کە سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی زیانەکانی ئەمریکا بڵاوی کردوونەتەوە و بە هەواڵی بێ بنەما و ساختە وەسفی کردن.

پێشتر فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو، کە لە رێگەی هێرشی چڕی درۆنی و مووشەکییەوە، توانیویانە کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن ناچار بکەن ناوچەکە جێبهێڵێت و بەرەو زەریای هیندی بڕوات. هەروەها بانگەشەی ئەوەشیان کردبوو کە لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، 560 سەربازی ئەو وڵاتە کراونەتە ئامانج و بوونەتە قوربانی.

لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە رێگەی بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی "Fact Check" ڕاستکردنەوەی ڕاستییەکان، ڕایگەیاند: لە ماوەی دوو رۆژدا، ئێران چەندین بانگەشەی بێ بنەمای بڵاو کردووەتەوە کە هیچ راستییەکیان تێدا نییە.

ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە بارودۆخێکی هەستیاری سەربازیدایە و هەردوولا لە شەڕێکی میدیایی چڕدان. ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە ئامارەکانی ئێران تەنیا پڕوپاگەندەی میدیاین و دەیانەوێت لە رێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروستەوە وەک سەرکەوتن نیشانی بدەن، لە کاتێکدا بە گوتەی سێنتکۆم ئەو هەواڵانە سفر ڕاستییان تێدایە.