سوپای پاسداران: هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا دەستیپێکرد
قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سەر بە هێزە چەکدارەکانی ئێران، دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە راگەیاند و دەڵێت، چەندین بنکەی سەربازیی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگریان پێکاوە و بنکەکانی ئەمریکاشیان لە هەرێمی کوردستان بۆردومان کردووە.
ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی ئێران، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ئاشکرای کرد، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، شەپۆلی حەوتەم و هەشتەمی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستەقینەی 4" بە ئاراستەی ئامانجە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان ئەنجامدرا، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر مووشەک و درۆن بەکارهێنراون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکۆڵن)ـی سوپای ئەمریکا بە چوار مووشەکی کرووز کراوەتە ئامانج و دوای هێرشەکە کەشتییەکە لە شوێنی خۆی بەرەو باشووری رۆژهەڵاتی زەریای هیندی پاشەکشەی کردووە.
گوتەبێژەکە راشیگەیاند، بنکەی دەریایی (عەلی سالم)ی ئەمریکا لە کوەیت بەتەواوی لەکارکەوتووە و سێ دامەزراوەی ژێرخانی دەریایی (محەممەد ئەحمەد)یش لەو وڵاتە تێکشکێندراون. هاوکات لە بەحرەین، بنکەیەکی دەریایی ئەمریکا لە بەندەری سەلمان بە چوار درۆن کراوەتە ئامانج و زیانی گەورە بە ناوەندەکانی فەرماندەیی و پشتیوانییان گەیشتووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز، سێ کەشتی نەوتی ئەمریکا و بەریتانیا بە مووشەک کراونەتە ئامانج و ئێستا دەسوووتێن. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین بە دوو مووشەکی بالیستیک کراوەتە ئامانج، تاوەکو ئێستا 560 سەربازی ئەمریکی کوژراو و بریندار بوون.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران دەڵێت، "فڕۆکەوانەکانمان، چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر بنکەکانی ئەمریکایان لە وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستانی عێراق بۆردومان کرد."