لە دوو مانگدا زیاتر لە 200 ھاووڵاتی كورد لە عەفرین رفێندراون
بەشێك لە رفێندراوەكان ئافرەتن
K24 - ھەولێر
لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 200 ھاووڵاتی كورد لە عەفرین لەلایەن گرووپە چەكدارەكان رفێندراون.
رێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین بڵاوی كردووەتەوە، جگە لە ئازادكردنی ژمارەیەك ھاووڵاتی كورد لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە كە بەشێكیان دوو ساڵ بوو گیرابوون، بەڵام پرۆسەی رفاندنی ھاووڵاتییانی كورد بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 200 ھاووڵاتی كورد كە لە نێویاندا ژمارەیەك ئافرەت ھەن، لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیاوە رفێندراون و تەنیا 20 كەسیان ئازاد كراون.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، چارەنووسی 600 ھاووڵاتی كورد لە عەفرین ھێشتا نادیارە.
لە 18 ئازاری 2018، توركیا و گرووپە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە داگیركردنی عەفرینی راگەیاند.