بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ چوار ملیۆن و نزیکەی 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاد دەکرێت

گرووپی ئۆپێک پڵەس راگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەی 206 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ مانگی داهاتوو زیاد دەکەن، هەر بۆیەش پشکی عێراق لە مانگی داهاتووەوە دەبێتە 4 ملیۆن و 299 هەزار بەرمیل.

نوێنەری هەشت وڵاتی ئەندامی ئەم گرووپە سعوودیە، رووسیا، عێراق، ئیمارات، کوەیت، کازاخستان، جەزائیر و عومان دوێنێ کۆبوونەوە و دوایین پێشهاتەکانی بازاڕی نەوت و ئاسۆکانی داهاتوویان تاوتوێ کرد.

لە راگەیەندراوێکی هاوبەش ئەندامانی ئۆپێک پڵەس ئاماژەیان بەوەکرد، رێککەوتین لەسەر دەستکاریکردنی بەرهەمهێنانی نەوت کە لەمانگی داهاتوو بەرێژەی 206 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەکرێت. 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە رابردوودا بڕی 1.65 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمکرایەوە، بەڵام رەنگە بەشێک یان بە تەواوی ئەم بڕە بگەڕێندرێتەوە، بەپێی خواستی بازاڕ.
وڵاتانی بەشداربوو دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە چاودێری و هەڵسەنگاندنی دۆخی بازاڕ، جەختیان لەسەر گرنگی گرتنەبەری رێڕەوێکی سەقامگیر کردووە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، هەروەها  لە ساڵی 2023، بەرهەمهێنانی 2.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمکرایەوە.