فوئاد حوسێن: ئێران بەردەوامە لە بۆردومانکردنی چەند ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان
وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند، عێراق راستەوخۆ کەوتووەتە ژێر کاریگەریی جەنگ، ئاماژەی بەوەش کردووە، بەردەوامبوونی جەنگ دەبێتە هۆی تێکچوونی زیاتری سەقامگیری و دروستبوونی پشێوی لە ناوچەکەدا.
دووشەممە 2ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەروەی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، رایگەیاندووە، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە هامیش فاڵکۆنەر، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست پێگەیشت، لە پەیوەندییەکدا پەرەسەندنەکانی جەنگ و لێکەوتەکانی لەسەر ناوچەکە تاوتوێ کران.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە پەیوەندییەکەدا هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ دۆخی مەیدانی و سیاسی کرا، هەروەها وەزیرە بەریتانییەکە هەڵوێستی نوێی وڵاتەکەی خستە روو و روونی کردەوە کە رێگە بە هێزەکانی ئەمریکا دەدرێت هەندێک لە دامەزراوەکان بەکاربهێنن، لەگەڵ کارکردن بۆ ئاسانکاریی رێکارە پەیوەندیدارەکان.
هەروەها هەردوولا جەختییان لە مەترسی بەردەوامبوونی بەئامانجگرتنی وڵاتانی کەنداو کردەوە، بەهۆی ئەو لێکەوتە مەترسیدارانەی کە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە هەیەتی.
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کردووە،"عێراق راستەوخۆ کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەکانی جەنگ، گوتویەتی،" ئێران بەردەوامە لە بۆردومانکردنی چەند ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت شاری هەولێر، لەکاتێکدا لایەنەکەی دیکەی ململانێکە شوێنەکانی باشوور و رۆژئاوای عێراق دەکاتە ئامانج، ئەمەش وڵاتەکە دەخاتە بەردەم ئەڵەنگاریی زیاتری ئەمنی لە ناوچەکە".
فوئاد حوسێن، ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەردەوامبوونی جەنگ دەبێتە هۆی تێکچوونی زیاتری سەقامگیری و دروستبوونی پشێوی لە ناوچەکەدا"، هاوکات جەختی لەوەشکردووەتەوە، جەنگ جگە لە ماڵوێرانی و کارەساتی مرۆیی هیچ دەستکەوتێکی دیکە بە ناوچەکە نابەخشێت".
وەزیری دەرەوە جەختی لە پێویستی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان کردەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ، بەجۆرێک کە هاوکار بێت لە کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان و رەخساندنی هەلومەرج بۆ گەراندنەوەی سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراست بە گشتی و عێراق بە تایبەتی.