ترەمپ هیوای بەختێکی باش بۆ سوپای وڵاتەکەی دەخوازێت
سەرۆک ئەرکانی ئەمریکا خشتە و کات و چۆنیەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان دژی ئێران ئاشکرا دەکات.
دووشەممە 2ـی ئاداری 2026، جەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا، خشتەی کاتیی سەرەتایی و هەندێک وردەکاریی دەربارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمریکا لە ئێران ئاشکرا کرد، هەروەها دانی بەوەدا نا کە لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە چوار سەربازی ئەمریکی کوژراون و چوار سەربازی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
بە گوتەی کەین، لە کاتژمێر 3:38ـی دوای نیوەڕۆی 27ـی شوبات بەکاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا کە دەکاتە کاتژمێر (8:38 خولەک بەکاتی گێرینچ)، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا فەرمانی کۆتایی دەستپێکردنی لە سەرۆک دۆناڵد ترەمپەوە پێگەیشتووە کە تیایدا هاتبوو، رەزامەندی لەسەر ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستان ئاسا (Epic Fury) دراوە، ترەمپ لە فەرمانەکەیدا نووسیویەتی،"هەڵوەشاندنەوە نییە... بەختێکی باش."
سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا دەڵێت،"پێشتر هێزەکانمان کۆتا ئامادەکارییەکانیان تەواو کردبوو، پاترییەکانی بەرگریی ئاسمانی سیستەمەکانیان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران پشکنی، فڕۆکەوانان و ستافی فڕۆکەکان بۆ دواهەمین جار راهێنانیان لەسەر زنجیرە لێدانەکان کرد، بارکردنی چەک بۆ فڕۆکەکان دەستیپێکرد و دوو گرووپی کەشتیگەلی فڕۆکەهەڵگر بەرەو خاڵەکانی هێرشبردن بەڕێکەوتن".
هاوکات فەرماندەیی ئەلیکترۆنی و فەرماندەیی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا هەنگاوە سەرەتاییەکانیان گرتەبەر کە کاریان کرد بۆ پەکخستن و تێکدانی توانای ئێران بۆ بینین، پەیوەندیکردن و وەڵامدانەوە پێش دەستپێکردنی هێرشەکە.
دان کەین، باسی لەوەشکرد،"لە کاتژمێر 1:15ـی خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 28ـی شوبات بەکاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (06:15 بەکاتی گێرینچ، 9:45 بەیانی بەکاتی ئێران) زیاتر لە 100 فڕۆکە لە وشکانی و دەریاوە هەڵسان بۆ ئەوەی شەپۆلێکی هاوکات و یەکگرتوو پێکبهێنن.
جەنەڕاڵە ئەمریکییەکە دەڵێت،"ئەم هێرشەی کاتی رۆژ پشت ئەستوور بوو بە جووڵەیەکی لەناکاوی هێزەکانی ئیسرائیل، بە یارمەتی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، ئەمەش ئاماژەیەکی روونی کەین بوو بۆ ئەو هێرشە کتوپڕەی ئیسرائیل بۆ سەر عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، کە بە یارمەتی هەواڵگریی ئەمریکا ئەنجامی دابوو".
دان کەین لە درێژەی باسیکردنی هێرشەکاندا گوتی،"یەکەمین لێدانەکان لە رێگەی مووشەکی "تۆماهۆک"ی هێزی دەریایی ئەمریکاوە ئەنجامدران، لەکاتێکدا هێزە وشکانییەکان چەکی وردی دوور مەودایان بەکارهێنا، هاوکات هێرشەکە لە 24 کاتژمێری یەکەمدا زیاتر لە هەزار ئامانجی پێکا، ئیسرائیلیش بە جیا سەدان گەشتی ئاسمانیی دژی سەدان ئامانج ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بە پاڵپشتی سیستەمی "پاتریۆت" و "تاد"ی ئەمریکی و تێکشکێنەرە دەریاییەکان کە توانای بەرپەرچدانەوەی مووشەکی بالیستییان هەیە بەردەوامە، هاوکات سەدان مووشەکیان تێکشکاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان کردبووە ئامانج.