گرۆسی: هیچ ئاماژەیەک نییە هێرشەکان زیانیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیاندبێت

وەزیری دەرەوەی عومان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆم، نیگەرانیی خۆی لە ئەنجامنەدانی دانوستانەکانی جنێڤ بەهۆی ڕووداوەکانی دواییەوە دەربڕی؛ هاوکات ڕافایل گرۆسی ڕەتیدەکاتەوە هاوشێوەی هێرشەکەی حوزەیرانی ڕابردوو، زیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیشتبێت.

دووشەممە 2ی ئاداری 2026، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: لەگەڵ ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەیوەندییەکی باشم کرد.

بەدر ئەلبوسەعیدی ئاماژەشی داوە، بەشداریی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بنیاتنەرانە بوو و سوپاسی بەشدارییە گرنگەکە دەکەم.

دەشڵێت: بڕیار بوو ئەمرۆ گەڕێکی دیکەی دانوستانە تەکنیکییەکان لە جنێڤ بەرێوەبچێت، بەڵام بەداخەوەم کە ئەو ڕووداوانەی بەسەر دا هاتوو و دانوستانەکان نەکران.

هاوکات ڕافایل گرۆسی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی تاران بانگەشەی ئەوە دەکات نەتەنز کراوەتە ئامانج، بەڵام هیچ ئاماژەیەک نییە کە لە دواین هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، زیان بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران گەیشتبێت.

دەشڵێت: ئەوەی تا ئێستا بینراوە، هاوشێوەی ئەو هێرشە گەورەیە نییە کە حوزەیرانی ڕابردوو کرایە سەر پێگە ئەتۆمییەکان.