گەشتەکانی "فلای ئەربیل" لەنێوان ئەڵمانیا و شرناخ دەستیپێکردەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، لاوەند مەموندی، سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گواستنەوەی ئەو هاوڵاتییانەی لە هەرێمی کوردستان و ئەوروپا گیریان خواردووە دەستیپێکردووە و لە رێگەی فڕۆکەخانەی شرناخەوە هاوڵاتییان دەگوازرێنەوە.
دوای وەرگرتنی رەزامەندی لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا، کۆمپانیای "فلای ئەربیل" یەکەمین گەشتی خۆی لەنێوان دۆسڵدۆرف و شرناخ ئەنجامدا. لاوەند مەموندی لەو بارەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ یەکەم گەشت کاتژمێر 10:00ـی بەیانی بە کاتی ئەوروپا 11:00بە کاتی هەولێر لە دۆسڵدۆرفەوە بەرەو شرناخ بەڕێکەوتووە و بڕیارە کاتژمێر 3:30 پاشنیوەڕۆ بگاتە جێگەی مەبەست."
سەبارەت بە ژمارەی سەرنشینەکان، ئاماژەی بەوە کرد، لە گەشتی چووندا زیاتر لە 65 گەشتیار بەرەو شرناخ دەگەڕێنەوە، و لە گەشتی گەڕانەوەشدا بۆ ئەڵمانیا، زیاتر لە 140 هاووڵاتی کە لە هەرێمی کوردستان گیریان خواردبوو، دەگوازرێنەوە بۆ دۆسڵدۆرف.
سەرۆکی یەکێتیی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی کوردستان، ئەوەشی خستەروو، پرۆسەی گواستنەوەی هاووڵاتیان بەردەوام دەبێت و دوو گەشتی تریش بۆ هەمان مەبەست ئەنجام دەدرێن؛ رۆژی هەینی 6ـی ئادار گەشتێک لە دۆسڵدۆرفەوە بۆ شرناخ و بەپێچەوانەوە، هەروەها رۆژی یەکشەممە، 8ـی ئادار گەشتێکی دیکە بۆ گواستنەوەی گەشتیاران.
لاوەند مەموندی دڵنیایی دایە ئەو هاووڵاتییانەی لە ئەوروپاوە دەگەڕێنەوە کە دەتوانن لە رێگەی دۆسڵدۆرفەوە بێنە شرناخ، و لەوێشەوە تەنیا بە 20 بۆ 30 خولەک دەگەنەوە ناو خاکی هەرێمی کوردستان. ئەم هەنگاوە وەک چارەسەرێکە بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی راگرتنی گەشتە ڕاستەوخۆکانەوە لە هەردوو لا گیریان خواردووە.
لەلایەکیی دیکەوە هەر لەو بارەیەوە ئەحمد هوشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند؛ تا ئێستا ئاسمانی عێراق داخراوە و تا کاتێکی نادیار ناکرێتەوە.