پارەی داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی شوبات، دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سبەی چوارشەممە 120 ملیار دینار، وەک داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی شوبات، دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: سبەی چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، بڕی 120 ملیار دینار، وەک داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی 2 (شوبات)، بە شێوەی کاش دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ئەمەش لە کاتێکدایە، چوارشەممە 25ـی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبووەوە و جەختی لەوە کردەوە، پابەندیی ناردنی 120 ملیار دینارە، وەک داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی شوبات، تاوەکوو هیچ پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نەمێنێتەوە بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی مانگی شوبات و مانگەکانی دیکەش.
چاوەڕوان دەکرێت، هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، هەر لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە کەمترین ماوەدا لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە لە رێگەی پرۆژەی هەژماری منەوە دەکرێت.