کارکردن لە پڕۆژەی رێگای کەلار- دەربەندیخان بە خێرایی بەڕێوەدەچێت

"پڕۆژه‌كه‌ له‌ ئاستێكی باشه‌، (45%)ی جێبه‌جێكراوه‌"

پڕۆژەی رێگای کەلار- دەربەندیخان
پڕۆژەی رێگای کەلار- دەربەندیخان

K24 - هه‌ولێر:

دوای ئەوەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆتایی ساڵی رابردوو بڕی (20) مليار دیناری بۆ قۆناغی دووەمی پڕۆژەی رێگای کەلار- دەربەندیخان تەرخان کرد، بەشێوەیەکی خێرا، کارکردن لە پڕۆژەکە دەستی پێکردووەتەوە، وا بڕیارە بەشێکی رێگاکە بۆ نەورۆزی داھاتوو بخرێتە خزمەتی ھاووڵاتیانەوە.

کارکردن لە قۆناغی دووەمی رێگای کەلار- دەربەندیخان به‌رده‌وامه‌، ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لەو پڕۆژە ستراتیژیانەی، لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیار درا کارکردن تێیدا بەردەوام بێت.

عەدنان خەلیل، بەڕێوبەری رێگاوبانی گەرمیان گوتی: "(2) پڕۆژه‌ی ستراتیژیمان هه‌یه‌، كه‌ كابینه‌ی نۆیه‌م بۆ ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان به‌ گرنگی ده‌زانێت، ئێستا قۆناغی دووه‌می رێگای كه‌لار- ده‌ربه‌ندیخان و قۆناغی چواره‌می كه‌لار- كفری به‌رده‌وامه‌".

پڕۆژەی رێگای کەلار- دەربەندیخان لە رووی بازرگانی و ھاتوچۆی گەشتیاری و کەمکردنەوەی رووداوەکانی ھاتوچۆوە، سوودێکی زۆری بۆ دەڤەری گەرمیان دەبێت، کە ساڵانێکی زۆرە کێشەی یەك سایدی رێگای نێوان گەرمیان- سلێمانی ھەیە.

جەلال نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان گوتی: "ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ یه‌كێكه‌ له‌ رێگا ستراتیژییه‌كانی كه‌لار- ده‌ربه‌ندیخان بۆ گه‌رمیان- سلێمانی، پڕۆژه‌كه‌ له‌ ئاستێكی باشه‌ و (45%)ی جێبه‌جێكراوه‌، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ زۆر گرنگه‌، ته‌نانه‌ت بۆ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقیش".

درێژی ئەم بەشەی رێگاکە (42) کیلۆمەترە، (45%)ی تەواو بووە، بڕی تێچووەکەشی (183) ملیار دینارە، لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێت.

د.ی