هەولێر.. زنجیرە درامای "بکوژ" بەرهەمهێنرا
زنجیرە درامای "بکوژ" کە لە دەرهێنانی جەوهەر ئەنوەرە و کۆمەڵێک ئەکتەری شاری هەولێر ڕۆڵی تێدا دەگێڕن و لە 12 ئەڵقە پێکدێت و باس لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، بەرهەمهێنرا.
سێشەممە، 3ی ئاداری 2026، جەوهەر ئەنوەر، دەرهێنەری ئەو زنجیرە درامایە بە کوردستان24ی گوت، "ئەو زنجیرە درامایە لە 12 ئەڵقە پێکدێت، خۆم کاری ئامادەکردن و دەرهێنانم بۆ کردووە، کامیرا و مۆنتاژ لەلایەن ئیڤان جێبەجێکراوە و هەریەکە لە خەلیل یابە و فەیسەڵ شێخانی و غازی شینە و ساڵح بێکەس و ئامێز جەوهەر و خالید بەرزنجی و عوسمان بێراوەیی و بایز مەخمووری ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن."
جەوهەر ئەنوەر گوتیشی: ئەو درامایە باس لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، کە هەندێک لە مرۆڤەکان ئامادەن لەپێناو بەدەستهێنانی پارە کوشتارگەری لە کۆمەڵگەدا بکەن و تۆمەتی خراپ ببەخشنەوە بە خەڵک و تووشی زیندانیان بکەن، تەنیا لەپێناوی ئەوەی بڕێک پارە بەدەستبهێنن.
ئەو دەرهێنەرە باس لە گرنگی ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: لەو درامایەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی زۆر جوان دەبینێت، کە بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ئەو زاڵمانە دەکات، کە خەڵکیان تووشی کێشەوگرفت و زیندان کردووە، لەکۆتاییدا حکومەت ئەو جۆرە کەسانە دەگرێت و رووبەرووی بەردەم یاسایان دەکاتەوە.
شایەنی باسە، زنجیرە درامای "بکوژ"، کە لە دەرهێنانی جەوهەر ئەنوەرە و کۆمەڵێک ئەکتەری شاری هەولێر ڕۆڵی تێدا دەگێڕن، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، 5ی ئاداری 2026 پەخش بکرێت.