ئیسرائیل: بارەگای سوپای پاسداران و هەواڵگری ئێرانمان بە چڕی بۆردوومان کرد

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی ورد و بەرفراواندا، کۆمەڵگەیەکی سەربازیی ستراتیژی لە رۆژهەڵاتی تارانی پایتەخت کردووەتە ئامانج، کە ناوەندی فەرماندەیی سەرجەم دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانی ئێرانی لەخۆگرتووە.

چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، کەمێک لەمەوبەر هێزی ئاسمانیی ئەو وڵاتە بە پشت بەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگریی سەربازی (IDF)، هێرشێکی بەرفراوانی کردووەتە سەر کۆمەڵگەیەکی سەربازیی گەورە لە رۆژهەڵاتی تاران.

سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە کە ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج، ناوەندی سەرەکیی هەموو رێکخراوە ئەمنییەکانی ئێرانی تێدا بووە. بەپێی راگەیەندراوەکە ئەو دامەزراوانەی لەناو کۆمەڵگەکەدا بوون و کراونەتە ئامانج بریتین لە، ناوەندەکانی فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران، فەیلەقی قودس (هێزی نوخبە) و هێزە نیمچە سەربازییەکانی بەسیج.

جگە لە هێزە سەربازییەکان، ئیسرائیل رایگەیاندووە کە هێرشەکە دامەزراوە هەستیارەکانی دیکەشی گرتووەتەوە، لەوان، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی ئێران، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و یەکەی جەنگی ئەلیکترۆنی (سایبەر)ی ئێران.