سەرمایەدارێکی کورد بە هانای یانەی ئامەدسپۆر دەچێت

سێزگین باران کۆڕکماز سەرمایەداری کورد
سێزگین باران کۆڕکماز سەرمایەداری کورد

دوای یارییەکەی نێوان هەردوو یانەی ئامەدسپۆر و بێشتیکاش لە گەڕی شەشەمی سوپەر لیگی تورکیا، کە بە بردنەوەی یانە کوردستیانیەکە کۆتایی هات، لیژنەی تەمبێکاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا ئەو یانەیەی بە توندی سزادا، بەڵام سەرمایەدارێکی کوردی دانیشتووی ئەمریکا هەموو سزا داراییەکانی گرتە ئەستۆی خۆی.

لیژنەی تەمبێکاری لە فێدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بڵاویکردەوە بەهۆی هاتنە ناوەوەی هاندەران بۆ یاریگا و هەروەها کارابوونی سیستەمی ئاودێری یاریگا و چەندان بیانۆی دیکە، یانەی ئامەدسپۆری بە پێ بژاردنی دارایی سزادا، ئەمەش نیگەرانیەکی زۆری لەلایەن بەرپرسان و هاندەرانی یانەکە دروستکرد، بەڵام دوای راگەیاندنی سزاکان سێزگین باران کۆڕکماز لە سەرمایەدارێکی کوردی دانیشتووی ئەمریکایە، لە هەژمارەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، هەموو ئەو سزایەی بەسەر یانەی ئامەدسپۆر سەپێندراوە ئەو پارەکە دەدات و هیچ پێویست ناکات بەرپرسان و هاندەرانی یانەکە نیگەرانی ئەم بابەتە بن.

یانەی ئامەدسپۆر بەهۆی ئەو روداوانەی لە یارییەکە دروستبوون بە بڕی 2 ملیۆن و 542 هەزار و 500 لیرەی تورکی کە دەکاتە نزیکەی 52 هەزار دۆلاری ئەمریکی بە پێ بژاردن سزادراوە و پێ بژاردنەکەش لەلایەن سەرمایەدارە کوردەکە دەخرێتە سەر هەژماری دارایی فێدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا.

 

سێزگین باران کۆڕکماز