کەشتییە جەنگییەکەی بەریتانیا دوو هەفتەی دیکە دەگاتە قوبرس
میدیاکانی بەریتانیا، وادەی گەیشتنی کەشتییەکی جەنگیی وڵاتەکەیان بۆ کەناراوەکانی قوبرس ئاشکرا کرد، هاوکات ئاماژەیان بەوە دا کە توانای موشەکیی بالیستیی ئێران دەتوانێت بۆ چەندین رۆژ بەردەوام بێت.
چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، رۆژنامەی "تەلەگراف" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، کەشتیی جەنگیی "دانکن"ی بەریتانی دوو هەفتەی دیکە ناگاتە قوبرس، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هەنگاوەی بەریتانیا بۆ بەهێزکردنی پێگەی سەربازییەتی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، وەک رێکارێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی بنکە سەربازییەکانی لە قوبرس، بەتایبەتی بنکەی ئاسمانیی "ئەکرۆتیری" لە بەرامبەر هەڕەشەی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی.
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "تایمز" لە زاری بەرپرسانەوە گواستوویەتییەوە: "ئێران کۆگایەکی ئەوتۆی لە موشەکی بالیستی هەیە کە بۆ چەندین رۆژی هێرشی بەردەوام بەشی دەکات و پێدەچێت بتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژتریش توانا سەربازییەکانی بپارێزێت."
ئەم جموجۆڵە سەربازییانەی بەریتانیا لە کاتێکدایە کە مەترسییەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا زیادیان کردووە، بەتایبەت لە سایەی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەگەری فراوانبوونی بازنەی پێکدادانەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.