ستارمر: ئامادە نیم بەریتانیا لە شەڕێک تێوەبگلێنم کە پلانەکەی روون نییە

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، رایگەیاند، ئامادە نییە وڵاتەکەی پەلکێشی ناو شەڕێک بکات ئەگەر پلانێکی روون و تۆکمەی بۆ دانەنرابێت.

چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، کییەر ستارمەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رایگەیاند، ئامادە نیم بەریتانیا پەلکێشی جەنگێک بکەم کە نازانین پلانەکەی چییە و چۆنە، ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیاری بەشداریکردنی بەریتانیام لەو شەڕە دەدا ئەگەر دڵنیابوومایە لە بوونی بنەمایەکی یاسایی و پلانێکی ورد و جێبەجێکراو، جەختیشی کردەوە کە ئەمە هەڵوێستی ئێستای وڵاتەکەشیەتی.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوە دا، کاری لەپێشینەی ئەو پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی بەریتانیایە، هەر بۆیە رەنگە بڕیار لەسەر گرتنەبەری رێکاری بەرگرییانە بدات، ئەمەش دوای ئەوەی بنکە ئاسمانییەکانی بەریتانیا لە قوبرس و بەحرەین لەلایەن ئێرانەوە کرانە ئامانج.

لە کۆتایی قسەکانیدا ستارمر جەختی لەسەر پێویستی دانبەخۆداگرتن کردەوە و گوتی: "پێویستە بە روونی بە ئامانجێکی دیاریکراو، بە هێمنی و بە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەین."