سەرایا ئەولیاء دەم: بە درۆن هێرشمان کردووەتە سەر فرۆکەخانەی هەولێر
گرووپی چەکداری "سەرایا ئەولیاء دەم" کە بەشێکە لە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، رایگەیاند، هێرشێکیان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، گرووپی چەکداری سەرایا ئەولیاء دەم سەر بە مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق، راگەیەنراوێکی سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمڕۆ بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، هێرشەکە لە رێگەی کۆمەڵێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)"ەوە ئەنجامدراوە و ئامانجەکەی بنکەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لەناو فڕۆکەخانەی هەولێر.
گرووپەکە لە بەیاننامەکەیدا هۆکاری هێرشەکەی بۆ چەند خاڵێک گەڕاندووەتەوە، لەوانە:
1- تۆڵەسەندنەوە لە کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران (کە لە بەیاننامەکەدا وەک شەهید ناوی براوە).
2- وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی کە بوونە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە گەنجانی گرووپە چەکدارە عێراقییەکان.
3- وەک بەشێک لەوەی ناویان ناوە "ئەرکی شەرعی و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکان".
تاوەکو ئێستا چەندین جار لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە لە لایەن گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکان، هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی هەولێر و بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی هاوپەیمانان و کونسوڵخانەکان دراوە، بەڵام زۆربەی ئەو هێرشانە بەهۆی بوونی سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو، شکستیان پێ هێنراوە و ئامانجەکانیان نەپێکاوە.
لەم کاتەی ئێستا دۆخی ئەمنیی شاری هەولێر ئاساییە و هێرشە درۆنییەکانیش هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.