ئەردۆغان: لەبارەی خستنەخوارەوەی مووشەکەکەی ئێران لەگەڵ ناتۆ لە پەیوەندی بەردەوامداین
سەرۆک کۆماری تورکیا، رایگەیاند وڵاتەکەی بە راوێژ لەگەڵ هاوپەیمانانی لە پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، سەرجەم رێکارە پێویستەکان دەگرێتەبەر، ئەوەش دوای رووداوی خستنەخوارەوەی مووشەکێکی بالیستی لەناو خاکی تورکیادا.
چوارشەممە 4ـی ئاداری 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە وتارێکدا لە کاتی بەشداریکردنی لە بانگی بەربانگ لەگەڵ سەربازانی فەرماندەیی هێزە تایبەتەکانی تورکیا گوتی: "لەبارەی رووداوی خستنەخوارەوەی مووشەکە بالیستییەکەی ئەمڕۆدا، ئێمە بە راوێژ لەگەڵ هاوپەیمانانمان لە ناتۆ هەموو هەنگاوێکی پێویست دەنێین، هۆشداری توندیش دەدەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبنەوە."
لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆدا، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا جەختی کردەوە، ئەنقەرە بۆ بەرگریکردن لە خاک و ئاسمانی خۆی، هەر هەنگاوێک پێویست بێت دەینێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە مووشەکێکی بالیستی لە ئێرانەوە هەڵدرابوو، لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی ناتۆوە تێکشکێنرا.
لەم بارەیەوە، بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند: "مووشەکەکە لە ئێرانەوە هەڵدراوە و بە ئاسمانی عێراق و سووریادا تێپەڕیوە و بە ئاراستەی ئاسمانی تورکیا لە سنووری پارێزگای هاتای هاتووە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئامانج تێکشکێنراوە."
دوران ئاماژەی بەوەش کردووە، تورکیا بەبێ دوودڵی هەموو هەنگاوێکی بەرگری دەگرێتەبەر و وەڵامدانەوەی هەر کارێکی دوژمنکارانە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دەبێت، جەختیشی لە بەردەوامی هەماهەنگی و راوێژ لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ کردەوە.