هێرۆ شێخە: تەکنەلۆژیا گورزێکی گەورەی لە رۆحی هونەری شێوەکاری داوە

هێرۆ شێخە، خانمە هونەرمەندی نیگارکێش، لەو چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی خۆی و باس لە فەزای تەکنەلۆژیا دەکات و دەڵێ، " بوونی تەکنەلۆژیا وادەکات لەبری بەرهەمهێنانی کاری ڕەسەن، تەنیا بۆ ئەوەی لە شەپۆلەکە دوا نەکەون، بەرهەمێکی بێ رۆح و رووکەشیانە دەخەنە سەر یەک، کە زۆربەی ئەو بەرهەمانە ناتوانن پەیوەندییەکی پتەو و قووڵ لەگەڵ بەردەنگ درووست بکەن. 

 هێرۆ شێخە، خانمە نیگارکێش، دەربارەی ئەزموونی خۆی لە هونەری نیگارکێشاندا بە کوردستان24ی گوت، "دەستپێکی ئەزموونی شێوەکاریم دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی 13 ساڵیم، کاتێک لە پۆلی سێی ناوەندی بووم و مامۆستای هونەر هێڵکارییەکانمی پێ باش بوو.

ئەو پێشنیازی پێکردم بچمە پەیمانگەی هونەرە جوانەکان و نیگارکێشی بخوێنم، ئەگەرچی بەر لەوە هیچ کاتێک بیرم لەوە نەکردبووەوە، تەنانەت لە قۆناخی سەرەتاییدا زۆربەی ئەو نیگارانەی لە قوتابخانە لێم داوا دەکران، بە کەسێکی دیکەم دەسپارد و کەمتر وا هەبوو بۆخۆم بیانکێشم. بەڵام سەرەڕای ئەمانەش، لە منداڵییەوە کەسێکی خەیاڵفراوان بووم.

کاتێک گەیشتمە قۆناخی ناوەندی، سەرەڕای ئەوەی وانەکان گرانتر بوون، بەڵام من لە قوتابخانەوە پەرتووکی هێڵکاریم دەهێناوە ماڵەوە و رۆژانە چەند کاتژمێرێک دادەنیشتم و هێڵکارییەکانم کۆپی دەکرد، رۆژ بە رۆژ زیاتر هۆگری ئەو کارە دەبووم، تا وای لێهات بڕیارم دا ئامۆژگاریی مامۆستای هونەر لە گوێ بگرم و بچمە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی شارەکەمان، لەوێش لە بەشی نیگارکێشان دەستم بە خوێندنی نیگارکێشان کرد، دوو ساڵ لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی شاری شنۆ، لەژێر دەستی چەند مامۆستایەکی دڵسۆز، زیاتر لە جاران هۆگری ئەم بوارە بووم. 

هێرۆ شێخە گوتیشی، "لە کاتی کێشانەوەی تابلۆدا، کەمتر بیر لەوە دەکەمەوە پەیامێک بگەیەنم، یان وا باشترە بڵێم هەر بیر لەوە ناکەمەوە،  ئەوەی هانم دەدات بکێشمەوە و بخوڵقێنم، پێویستییەکی دەروونییە، زۆر کات دەست بە کێشانەوەی تابلۆیەک دەکەم بێ ئەوەی بیرم لێ کردبێتەوە دەمەوێت تابلۆکە چی بڵێت، یان ئاخۆ بینەر چ پەیامێکی لێ وەردەگرێت، ئەمەش بەو مانایە نییە کە تابلۆکان هیچ پەیامێکیان نەبێت، بەڵام بە رای من، ئەوە ئەرکی خوڵقێنەرەکەی نییە پەیامەکە شی بکاتەوە،  بەرهەمی هونەری، تابلۆی هاتوچۆ یان پۆستەری ریکلام نییە تا راستەوخۆ پەیامەکەی بە بینەر بڵێت، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بەرهەمی هونەری ئەوەیە، بینەر تووشی رامان و بیرکردنەوە بکات، هەندێک جار لەوانەیە بینەر تووشی سەرلێشێوانێک بکات، یان پرسیاری لا دروست بکات،  شیکردنەوەی تابلۆ، رێگە لە بینەر دەگرێت بە خەیاڵێکی فراوانەوە لە بەرهەمەکە بڕوانێت و ئازادانە لێکدانەوەی تایبەت بە خۆی بۆی هەبێت.

ئەو خانمە نیگارکێشە باس لە هونەری شێوەکاری سەردەم دەکات و دەڵێت، "هونەری شێوەکاریی سەردەم وەک جیهانێکی پڕ لە ئازادیی داهێنەرانە، بەڵام هەندێکجار وەک بازرگانییەکی ئاڵۆز دەبینم،  لەم جیهانەدا هیچ یاسا و بەربەستێک لە بەردەم هونەرمەنددا نییە و لە هەموو کۆتوبەند و یاسا تەقلیدییەکان رزگاری بووە،  ئەم ئازادییە وای کردووە ئەزموون و تێڕوانینی ناباو و نوێ بێنە ئاراوە، لەم جیهانەدا هەموو تاکێک دەتوانێت بە هەر شێواز و تەکنیکێک گوزارشت لە بیرۆکە و روانگەکانی خۆی بکات، بۆ نموونە، ئەمڕۆ هونەرمەند مەرج نییە تەنیا فڵچە و رەنگ لەسەر کانڤاس بەکاربهێنێت، بەڵکو دەتوانێت بە کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەی سادەی رۆژانە یان ڤیدیۆ یان ماددە و کەرەستەی جیاواز و نامۆ باس لە قوڵترین بابەت و بیرۆکەکانی بکات، ئەگەرچی ئەمە هەندێک جار ئاڵۆزی و سەرلێشێواویی بە دوای خۆیدا هێناوە، یان بە واتایەکی دیکە لە دیوەکەی تریدا، ئەم جیهانە فراوانە زۆرجار کەوتووەتە داوی بازرگانییەکی ئاڵۆز و قۆرخکارانەوە.

هێرۆ شێخە ئاماژەی بەوەش دا، "ئەوەندەی من سەرنجم دابێت، کاری هونەریی شێوەکاری چەند جۆرێکی جیاواز لە جەماوەر یان بەردەنگی هەیە،  چاوەڕوانیی زۆربەی بەردەنگانی کاری شێوەکاری، وێناکردنی دەقاودەقی جیهانی بینراوە، جەماوەر بەگشتی چاوی بە ریالیزم و پەیامی راستەوخۆ راهاتووە. ئەوان کاتێک لە نیگارێک دەڕوانن، چاوەڕوانن دیمەنێکی ئاشنا ببینن و لەگەڵ رادەی لێکچوونی لە دنیای دەوروبەریان هەڵیدەسەنگێنن،  سەرنجی ئەوە دەدەن هونەرمەندەکە تا چەند توانیویەتی دیمەنەکە وەک خۆی وێنا بکات، و وا دەزانن هەرچەند وێنەکە ریالیستتر بێت، ئەوە هونەرمەندەکە سەرکەوتووترە، ئەمە بۆ قۆناخ و سەردەمی خۆی چاوەڕوانییەکی بەجێ بوو، پێش داهێنانی کامێرا زۆر ئاسایی بوو هونەرمەندی نیگارکێش ئەو هەوڵە بدات، بۆ کاتی خۆی و تەنانەت بۆ ئەم سەردەمەش سوودی هەبوو.

دەربارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی فەزای تەکنەلۆژیا لەسەر هونەری شێوەکاری، هێرۆ شێخە گوتی، " تەکنەلۆژیای سەردەم و سۆشیاڵ میدیا، سەرەڕای ئەوەی دەرفەتی خوڵقاندووە هونەرمەندان زۆر خێراتر و بە ئاستەنگی کەمترەوە بەرهەمەکانیان بڵاو بکەنەوە، بەڵام گورزێکی گەورەشی لە رۆح و رەسەنایەتیی هونەری شێوەکاری داوە، هونەری لە ئەزموونێکی قووڵی تێڕامانەوە گۆڕیوە بۆ کاڵایەک کە بینەر بە خێرایی بەسەریدا تێدەپەڕێت، بێ ئەوەی بتوانێت بە رادەی پێویست چێژی لێ ببینێت،  بەرهەمێکی هونەری کە بەدیهێنەرەکەی کات و وزەیەکی زۆری بۆ داناوە، کاتێک لە رێگەی شاشەکانەوە دەکەوێتە بەرچاوی بینەر، بە چەند چرکەیەک و هەندێکجار لە چاوتروکانێکدا لەبەرچاوی لادەچێت، لەبەر ئەوەی تایبەتمەندیی سۆشیاڵ میدیا وایە ڕێگەی سەرنجدان و وردبوونەوەت پێ نادات، لەولاشەوە، زیرەکیی دەستکرد وای کردووە هەندێک هونەرمەند بکەونە ژێر هەژموونی ئەلگۆریتمەکانەوە، لەبری بەرهەمهێنانی کاری رەسەن، تەنیا بۆ ئەوەی لە شەپۆلەکە دوا نەکەون، بەرهەمێکی بێ رۆح و رووکەشیانە دەخەنە سەر یەک، کە زۆربەی ئەو بەرهەمانە ناتوانن پەیوەندییەکی پتەو و قووڵ لەگەڵ بەردەنگ درووست بکەن. 

لەکۆتایی قسەکانیدا، هێرۆ شێخە، خانمە هونەرمەندی نیگارکێش، باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت، "پڕۆژەی نوێم، خودی بەردەوامبوونە، ئەگەرچی بەهۆی بارودۆخی ژیانمەوە لە دوو ساڵی رابردوودا نەمتوانیوە ئەو بیرۆکانەی هەمبوون جێبەجێیان بکەم، بەڵام بەردەوام کەڵکەڵەی ئەوەم هەیە دانەبڕێم. هەر بەو هۆیەشەوە ئێستا شێوازی کارکردنم گۆڕیوە، بە جۆرێک بتوانم بەبێ پێویستی بە بوونی ستۆدیۆ و شوێنی تایبەت، وە بە هەڵبژاردنی کەرەستە و ماتریالی جیاوازتر، لە کارکردن بەردەوام بم.

هێرۆ شێخە، خانمە هونەرمەندی نێگارکێش، ساڵی 1991 لە شاری شنۆ لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، ساڵی 2008 پەیمانگەی ھونەرە جوانەکانی لە شنۆ تەواو کردوو و دواتر ھاتووە بۆ باشوری کوردستان و لە کۆلێژی ھونەرە جوانەکان دەستی بە خوێندن لە بەشی شێوەکاریی کردووە. بەشداری 11 پێشانگەی هاوبەشی کردووە و چوار پێشانگەی تایبەتی خۆی کردۆتەوە.