جوڵەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دوو هێندە بووە
نەبوونی هێڵی ئاسمانی وای کردووە خەڵک بە ناچاری پەنا بۆ ڕێگا وشکانییەکان بەرن، عەلی عەبدوڵڵا، کە نیشتەجێی پارێزگای هەولێرە، ئارامی و ڕێکوپێکیی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بووەتە هۆی ئەوەی گەشتەکەی لەم ڕێگەیەوە ئەنجام بدات، هەرچەندە ڕێگاکەی لێ دوور کەوتووەتەوە، بەڵام خۆشگوزەرانیی جادەکان ماندووبوونی لەبیر بردووەتەوە.
عەلی عەبدوڵڵا، گەشتیار بە کوردستان24ـی گوت: پێشتر فڕۆکەخانە هەبوو، بەڵام ئێستا خەڵک بە وشکانی دێن و دەچن، ئاسانکارییەکان لێرە زۆر باشن و دەستخۆشییان لێ دەکەین، دەروازەی ئیبراهیم خەلیل زۆر باشە و مامەڵەیان لەگەڵ خەڵک زۆر باشە، هاوکاری گەشتیاران دەکەن و زۆر بە ئاسانی هاتوچۆ دەکرێت.
گەشتیارێکی خەڵکی کەرکووک بە کوردستان24ـی گوت: ئێمە وەک خەڵکی کەرکووک لێرەوە هاتووین، چونکە فڕۆکەخانەکان داخراون، فڕۆکەخانەی کەرکووک، سلێمانی و هەولێر، گەشتیاران ناچارن لێرەوە گەشت بکەن و بگەڕێنەوە بۆ ئەوروپا، ئەوانەی تکتیان بڕیبوو هەمووی سوتا، بۆیە ئێستا لێرەوە دەڕۆن.
هەروەها شۆفێرێک، ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکان، جوڵەیەکی زۆر کەوتووەتە ئەم ڕێگایە، گەشتیارانی هەولێر و شارەکانی دیکە لێرەوە هاتوچۆ دەکەن هەرچەندە مانگی رەمەزانە و رەنگە جوڵە کەمێک کەمتر بێت، بەڵام بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە قەرەباڵغی لێرە زیادی کردووە."
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل جیا لەوەی دەروازەیەکی بازرگانیی بەهێزە لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان، بۆ گەشتیارانیش بووەتە دەروازەیەک بۆ گەیشتن بە وڵاتانی دیکە، تێچووی گواستنەوەی هەر تاکێک لە زاخۆوە بۆ تورکیا بەپێی جۆری ئۆتۆمبێل و شارەکان، لە نێوان 25 بۆ ١٥٠ دۆلاری ئەمریکیدایە.
هەروەها ئەگەر پێشتر ڕۆژانە 100 کەس لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە هاتوچۆیان کردبێت، ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ 200کەس و زیاتر بەرزبووەتەوە. بەردەوامیی گرژی و ئاڵۆزییەکان نەک کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروازەی ئیبراهیم خەلیل نەکردووە، بەڵکو بەهۆی ئارامییەکەیەوە، هاتوچۆی گەشتیاران بۆ دوو هێندە زیادی کردووە.