ئیسرائیل کوژرانی جێگری سەرۆکی نووسینگەی خامنەیی لە تاران راگەیاند
کەناڵی 12ـی ئیسرائیل، بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر تاران، عەلی ئەسغەر میر حیجازی، کاربەڕێکاری سەرۆکی نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراوە.
هەینی 6ـی ئاداری 2026، کەناڵ 12ـی ئیسرائیل راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکە، عەلی ئەسغەر میر حیجازی، کاربەڕێکاری سەرۆکی نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، یەکێک بووە لە کاریگەرترین و پڕدەسەڵاتترین کەسایەتییەکانی ناو پێکهاتەی سەرکردایەتی ئێران و سەرپەرشتی دۆسیە ئەمنی و سیاسییە هەستیارەکانی ناو نووسینگەی رێبەری کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، کوژرانی ناوبراو دوای هەفتەیەک دێت لە کوژرانی خودی عەلی خامنەیی، کە لە 28ـی شوباتی رابردوو لە یەکەم رۆژی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا گیانی لەدەستدا.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند،"هێزەکانمان هێرشیان کردووەتە سەر فەرماندەیەکی باڵای رژێمی ئێران، سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، هێرشەکە لە رێگەی 50 فڕۆکەی جەنگییەوە ئەنجامدراوە و حەشارگەیەکی سەربازیی زۆر پارێزراویان لە ژێر زەویدا پێکاوە".
بەیاننامە سەربازییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو حەشارگەیەی کراوەتە ئامانج، کەوتووەتە ژێر کۆمەڵگەی ناوەندی سەرکردایەتیی ئێران لە تاران و وەک ناوەندی فەرماندەیی نائاسایی بۆ رێبەری ئێران بەکارهاتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، حەشارگەکە چەندین دەرچە و هۆڵی کۆبوونەوەی بەرپرسە باڵاکانی ئێرانی تێدابووە و بە ژێر چەندین شەقامی سەرەکیی تاراندا تێپەڕیوە.
ئەم پەرەسەندنە گەورەیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەناو جەرگەی ململانێیەکی سەربازیی تونددایە و هێرشەکان بۆ سەر پێگە ستراتیژییەکانی ناوخۆی ئێران بەردەوامییان هەیە.