ئومێد خۆشناو: حکوومەتی عێراق لە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە

پارێزگاری هەولێر، بە کوردستان24ـی رایگەیاند، بەشێکی زۆری ئەو درۆنانەی ئاڕاستەی شاری هەولێر کراون لە ئاسماندا پووچەڵکراونەتەوە، جەختی کردەوە، بەرپرسیارێتی ئەم هێرشانە لە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵیی عێراقدایە.

هەینی 6ـی ئاداری 2026، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو هێرشە درۆنییەی کەمێک پێش ئێستا کرایە سەر هەولێر، هیچ زیانێکی لێنەکەوتووەتەوە و پێش گەیشتنی بە ئامانج لە ئاسماندا تێکشکێنراوە، گوتیشی، لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە هێرشی ناڕەوا دەکرێتە سەر هەولێر و دەیانەوێت بەو هێرشانە ئارامی شارەکەمان بشێوێنن". 

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرچاوەی ئەم هێرشانە دیارە و گوتی: "بەشێکی زۆری ئەو درۆنانەی ئاڕاستەی هەولێر دەکرێن، لە ناوچەکانی ژێر دەستی حکوومەتی عێراقەوە هەڵدەدرێن."

هەر لەو چوارچێوەیەدا، پارێزگاری هەولێر حکوومەتی بەغدای بە بەرپرسیاری یەکەم لەم پێشێلکارییە ئەمنیانە دانا و رایگەیاند: "حکوومەتی عێراق لە هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە، چونکە هێرشەکان لەو ناوچانەوە ئەنجام دەدرێن کە لەژێر کۆنتڕۆڵی دامەزراوە ئەمنییەکانی فیدراڵدان."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هەولێر لە ماوەی رابردوودا چەندین جار لە رێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کراوەتە ئامانج، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی توندی لایەنە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتووەتەوە.