سعوودییە هێرشێکی مووشەکی و چوار درۆنی ئێرانی تێکشکاند
وەزارەتی بەرگریی سعوودییە رایگەیاند: زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێرانی پووچەڵ کردووەتەوە، کە بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان و کێڵگەی نەوتیی شەیبەیان کردبووە ئامانج.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی سعوودییە لە راگەیەنراوێکدا، ئاشکرای کرد، کە سیستەمی بەرگریی وڵاتەکەی سەرکەوتوو بووە لە تێکشکاندنی مووشەکێکی بالیستیی ئێرانی کە بە ئاراستەی بنکەی ئاسمانیی (شازادە سوڵتان) هەڵدرابوو.
وەزارەتی بەرگریی سعوودییە ئاماژەی بەوە دا، کە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە ناوچەی (روبعولخالی) تێکشکاندووە کە ئامانجیان لێدانی کێڵگەی نەوتیی (شەیبە) بووە.
دوێنێ، وەزارەتەکە رایگەیاندبوو کە مووشەکێکی جۆری (کرووز)یان لە رۆژهەڵاتی پارێزگای (خەرج) و درۆنێکیشیان لە باکووری رۆژهەڵاتی ریاز خستووەتە خوارەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "بلومبێرگ" لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، کە سعوودییە پەیوەندییە راستەوخۆکانی لەگەڵ ئێران چڕ کردووەتەوە، ئەمەش لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی ئەو جەنگەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپا بووە و بووەتە هۆی ناجێگیریی بازاڕە جیهانییەکان.
لە راپۆرتەکە هاتووە، کە ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاڵپشتیی ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە دەکەن. پەیوەندییەکان دەزگا ئەمنییەکان و دیپلۆماتکارانی هەردوولای گرتووەتەوە، هەرچەندە روون نییە ئایا گەیشتووەتە ئاستی سەرکردە باڵاکان یان نا، بە تایبەت کە تاران تا ئێستا ئارەزوویەکی کەمی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل نیشان داوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە ئێران وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل (کە لە 28ـی شوباتەوە دەستی پێ کردووە)، زنجیرەیەک هێرشی کردە سەر وڵاتانی کەنداو.
لە بەرانبەردا، وڵاتانی کەنداو داوایان لە ئێران کردووە خۆی بەدوور بگرێت لە بەئامانجگرتنیان لە هەر وەڵامێکی سەربازیدا، هاوکات جەختیان کردووەتەوە کە رێگە بە ئەمریکا و ئیسرائیل نادەن خاک و ئاسمانیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار بهێنن.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، ئێران هەمیشە بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە رێگەی درۆن و مووشکەوە دەکاتە ئامانج.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.