دوای بەڵێنەکەی پزیشکیان ئێران هێرش کردەوە سەر بەحرەین، ئیمارات و قەتەر
سەرچاوە میدیاییەکان بڵاویانکردەوە، وڵاتانی بەحرەین و ئیمارات و قەتەر کەوتوونەتە بەر هێرشی نوێی مووشەکی و درۆنیی ئێران، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر سەرۆککۆماری ئێران داوای لێبووردنی لە وڵاتانی دراوسێ کردبوو.
شەممە 7ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بیستراوە، هاوکات وەزارەتی بەرگری ئیمارات رایگەیاند، سیستمەکانی بەرگری ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەرپەرچی چەندین مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان داوەتەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
لە قەتەریش، وەزارەتی ناوخۆ دۆخی هەڕەشەی ئەمنی بەرزی راگەیاند و داوای لە هاووڵاتیان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە، هاوکات دەنگی بەرپەرچدانەوەی ئامانجە ئاسمانییەکان لە ئاسمانی دەوحە بیستراوە، هەروەها وەزارەتی بەرگری کوێت رایگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا 14 مووشەکی بالیستی و 23 درۆنیان لە ئاسمانی ناوچەکەدا تۆمار کردووە.
ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێن کە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیامێکدا رایگەیاندبوو،"وڵاتەکەمان هیچ دوژمنایەتییەکی لەگەڵ دراوسێکانیدا نییە و داوای لێبووردن دەکەین بۆ هەر زیانێک کە بەر وڵاتانی دراوسێ کەوتووە، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دابووە وڵاتان کە رێگری بکەن لەو گروپانەی خاکی وڵاتەکانیان بۆ لێدانی ئاسایشی ئێران بەکاردەهێنن.
ئەم ئاڵۆزییانە دوای ئەوە هاتن کە لە 28ـی مانگی رابردوو، ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی توندیان کردە سەر تاران و چەند ناوچەیەکی ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپا و سوپای پاسداران، ئەوەش ناوچەکەی بەرەو جەنگێکی سەرتاسەری برد کە کاریگەرییەکەی وڵاتانی عێراق، ئیسرائیل، ئوردن، کوێت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات و سعوودیەی گرتووەتەوە.