مەزڵووم عەبدی: 1070 دیل لە زیندانەکانی سووریادا ماونەتەوە
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەگەڵ لیژنەی نوێنەری کەسوکاری دیل و بێسەروشوێنەکان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی دەستگیرکراوان و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم تاوتوێ کران.
شەممە 7ـی ئاداری 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەگەڵ لیژنەی نوێنەری کەسوکاری دیل و بێسەروشوێنەکان کۆبووەوە، رایگەیاند، بە فەرمی ئاگادار کراوەتەوە کە 1070 دیل، کە پێکهاتوون لە مەدەنی و سەربازی، لە زیندانەکانی حکوومەتی سووریادان، جەختیشی کردەوە، دۆسیەی دیل و بێسەروشوێنەکان بۆ ئەوان کاری لە پێشینەیان دەبێت و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەدەن.
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوەش کردووە، هەوڵەکان بە چڕی بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە بەگوێرەی خشتەیەکی کاتی دیاریکراو، و گوتیشی: "لە ماوەی داهاتوودا دیلەکان دەگەڕێنرێنەوە بۆ لای کەسوکاریان."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاشکرای کردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا، لە چوارچێوەی هەنگاوە کردەییەکان بۆ داخستنی ئەم دۆسیەیە، ژمارەیەک دیل لەلایەن هەردوولاوە ئازاد کراون.
مەزڵووم عەبدی جەختیشی کردەوە، پرسی دیلەکان پابەندییەکی بنەڕەتی نێو رێککەوتنەکەیە و ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆککۆماری سووریا لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتننامەکەدا، جەختی لەسەر ئەم پابەندییە و گرنگی جێبەجێکردنی کردووەتەوە.