هاکان فیدان: لەگەڵ ئێران خوازیاری شەڕ نین

وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک نایەوێت جەنگ لەگەڵ ئێران رووبدات و جەختی کردەوە، "جەنگ دژی ئێران لێکەوتەی نەرێنی دەبێت و هیچ لایەنێک تیایدا براوە نابێت."

شەممە 7ـی ئاداری 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، ئێران رۆژانی سەخت بەڕێ دەکات و تورکیاش لە پێناو هێورکردنەوەی دۆخەکە، لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا لە پەیوەندیی بەردەوامدایە، گوتیشی: "تورکیا لەگەڵ ئاشتییە لە تەواوی ناوچەکەدا و نامانەوێت گرژییەکان لەوە زیاتر پەرە بستێنن".

وەزیری دەرەوەی تورکیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر پاراستنی ژێرخانی ئابووری وڵاتان راگەیاند و گوتی: "تورکیا دژی هەر هێرشێکە کە بکرێتە سەر ژێرخان و سەرچاوەکانی وزەی ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندییان بە شەڕەوە نییە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پاراستنی سەقامگیریی ئابووری ناوچەکە لە کاتی ململانێکاندا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فیدان جەختی لە پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ قەیرانە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا کردەوە، داواشی کرد لایەنەکان پەنا بۆ رێگای دیپلۆماسی بەرن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی جەنگ، چونکە تەنها دیپلۆماسی دەتوانێت ناوچەکە لە کارەساتێکی گەورەتر بپارێزێت.