ترەمپ: ئیتر پێویستیمان بە بەریتانیا نییە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکیدا رەخنە لە حکوومەتی بەریتانیا و کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەگرێت و رایدەگەیەنێت کە ناردنی هێز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم کاتەدا بێسوودە، چونکە ئەمریکا جەنگەکەی بردووەتەوە.

یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس) نووسیویەتی: بەریتانیا، ئەو وڵاتەی جاران هاوپەیمانێکی مەزنمان بوو، دواجار بە جددی بیر لە ناردنی دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگر دەکاتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆکی ئەمریکا راستەوخۆ رووی دەمی دەکاتە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و دەڵێت: کێشە نییە سەرۆکوەزیران ستارمەر، ئێمە چیتر پێویستمان پێیان نییە، بەڵام ئەمەمان لەبیر دەمێنێت

ترەمپ بە شێوازێکی گاڵتەئامێز ئاماژە بەوە دەکات کە هاتنی بەریتانیا درەنگ وەختە و دەڵێت: پێویستمان بەو کەسانە نییە کە دێنە ناو جەنگێکەوە، دوای ئەوەی ئێمە تێیدا سەرکەوتین.