عومان هۆشداری لە وەرچەرخانێکی مەترسیدار دەدات و داوای چارەسەری ئاشتییانە دەکات
سەڵتەنەتی عومان رایگەیاند، ناوچەکە بەهۆی پەرەسەندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و زاڵبوونی زمانی هێز بەسەر دیالۆگدا، لەبەردەم وەرچەرخانێکی مەترسیداردایە.
یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، لە میانی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە، کە بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە ناوچەییەکان بەڕێوەچوو، هەڵوێستی فەرمی عومان خرایە روو.
بەدر ئەلبوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم جەنگە نایاساییە لێکەوتەی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی قورسی لێدەکەوێتەوە و بە شێوەیەکی راستەوخۆ هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە و سەلامەتیی گەلان دەکات.
وەزیری دەرەوەی عومان داوای لە وڵاتان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانیان چڕتر بکەنەوە بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەم ململانێیانە.
ئەلبوسەعیدی جەختی لەوە کردەوە، تەنها لە رێگەی ئاشتییەوە دەتوانرێت ئاسایشی ناوچەکە بپارێزرێت و گەلان لە ماڵوێرانییەکانی جەنگ دوور بخرێنەوە.