موقتەدا سەدر ئەرکەکانی سەرایا سەلام بۆ کاری مرۆیی سنووردار دەکات
نوسینگەی موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، رێنمایی نوێی ئاراستەی هێزەکانی سەرایا سەلام بڵاوکردەوە، رایگەیاندووە، ئەرکەکانی سەرایا سەلام تەنها لە چیوارچێوەی ئەرکە مرۆییەکاندا دەبێت.
یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، نوسینگەی موقتەدا سەدر لە بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، "خودایە عێراق و پیرۆزییەکانی و گەلەکەی لە هەموو خراپەیەک بپارێزە.. کەسانێک هەن دەیانەوێت لە ناوخۆ و دەرەوە زیان بە عێراق بگەیەنن، هەر بۆیە رێنمایی برایانی ئازیز لە سەرایا سەلام دەکەین، بەتایبەت لەم بارودۆخە سەختەدا، تەنها هەڵسن بە ئەرکە مرۆییەکانیان تا کاتێکی نادیار، بەتایبەت لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکان لە ناوخۆ و دەرەوەدا".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە راگەیەندراوێکی دیکەدا رێنماییان دەکەین بۆ کردنەوەی مەزیفەکانی (میوانخانەکانی) ئال سەدر بە مۆڵەتی تایبەت بۆ پێشکەشکردنی هاوکارییە پزیشکی، خزمەتگوزاری و مرۆییەکان، ئەوەش بەپێی کات و شوێنی دیاریکراو و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی 'بونیان مەرەسووس".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "داوا لە خودا دەکەین عێراق لە پیلانی داگیرکار، تیرۆر، توندڕەوی و گەندەڵی بپارێزێت".