عێراق چەند کەس بە تۆمەتی سپی کردنەوەی پارە دەستگیرکران

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە چەند ئۆپراسیۆنێکی جیاوازدا لە پارێزگاکانی وڵات، 120 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی نایاسایی بە دۆلار و سپیکردنەوەی پارە دەستگیرکردووە، هەروەها 62 نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی بێ مۆڵەتیان داخستووە.

یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، لیوا میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند،"مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتی تاوانی رێکخراو زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنی ئەمنیی جۆرییان لە چەند پارێزگایەک ئەنجامدا، کە بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی 62 نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو کە بەبێ مۆڵەت و بە پێچەوانەی یاسا کاریان دەکرد".

ئاماژەی بەوەشکردووە:"لەو ئۆپراسیۆنانەدا 80 تۆمەتبار بەهۆی مامەڵەی نایاسایی بە دۆلار لە دەرەوەی چوارچێوەی بانکی و یاسایی، هەروەها 40 تۆمەتباری دیکە بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە دەستگیرکراون".

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق جەختی کردەوە، ئەم رێکارانە بەشێکن لە هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ راوەدوونانی تاوانە ئابوورییەکان و رێگریکردن لە یاریپێکردنی نرخ و بازاڕی دراو. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، تەواوی تۆمەتبارەکان رەوانەی لایەنە دادوەرییەکان کراون بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.

لە کۆتاییدا وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوەکردووەتەوە، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی سەرپێچیکاران و رووبەڕووبوونەوەی هەر چالاکییەکی دارایی نایاسایی، چونکە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئابووری نیشتمانی و سەقامگیری دارایی وڵات هەیە.