کوشنەر و ویتکۆف سەردانی ئیسرائیل دەکەن

راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن رۆژی سێشەممە جارد کوشنەر، زاواکەی دۆناڵد ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، دەگەنە ئیسرائیل.

یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026، کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی رایگەیاند: "ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ پێشوازیکردن لە جارد کوشنەر زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ وڵاتەکەیان، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکییە لە دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی (نەڕەی شێر)". کە رەنگە سەردانەکە بۆ پێشکەشکردنی نوێترین زانیاری بێت سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران.

هاوکات باراک راڤید، پەیامنێری ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" پشتڕاستی کردەوە و نوسیویەتی، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی گەیشتنی کوشنەر و ویتکۆفی بۆ ئیسرائیل لە رۆژی سێشەممەدا پشتڕاستکردووەتەوە.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکە پەرەی سەندووە، دوای زنجیرەیەک هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازی و ستراتیژییەکانی ناو خاکی ئێران لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی "نەڕەی شێر". 

لە بەرامبەردا ئێران بە هێرشی موشەکی و درۆن وەڵامی داوەتەوە، کە چاودێران بە مەترسیدارترین پەرەسەندنی چەند ساڵی رابردووی دادەنێن.

لەم نێوەندەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "پێویستە رێبەری داهاتووی ئێران لەلایەن منەوە پەسەند بکرێت، ئەگەرنا زۆر نامێنێتەوە"، گوتیشی: "نامەوێت خەڵک دوای پێنج ساڵی دیکە هەمان کار دووبارە بکەنەوە، یان لەوەش خراپتر، رێگەیان پێ بدرێت ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە، رەنگە رازی بێت بە کەسایەتییەک کە پەیوەندی بە رژێمی پێشووەوە هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرکردەیەکی باش، هەروەها جەختی کردەوە،"هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن"، لەوانەش ئەگەری ناردنی هێزی تایبەت بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران.