سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ شەڕێکی یەک مانگی لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات
سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ سیناریۆی شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی ئامادە دەکات، کە پێشبینی دەکرێت لانی کەم مانگێک بخایەنێت.
رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنوت"ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵای دەستەی ئەرکانی سوپای وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، سەرکردایەتی سەربازی ئاستی ئامادەباشیی لە تەواوی هێزە چەکدارەکاندا بەرزکردووەتەوە، ئەمەش وەک پێشبینییەک بۆ پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان و ئەگەری فراوانبوونی رووبەڕووبوونەوەکان لە ماوەی داهاتوودا.
ئەو بەرپرسە ئاشکرای کردووە، ئامادەکارییەکان بریتین لە بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی، بڵاوەپێکردنی هێزی زیاتر و داڕشتنی پلان بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی درێژخایەن، ئەگەر بێتو پێکدادانەکانی ئێستا بەردەوام بن یان بەرەی دیکەی شەڕی لێببێتەوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، ناوچەکە ئاڵۆزییەکی بێوێنە و بێپێشینە بەخۆیەوە دەبینێت و ئاڵوگۆڕی هێرشە راستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە چەندین بەرەی جیاوازەوە بەردەوامە.
چاودێرانیش دەڵێن، ئاماژەدان بە شەڕێکی یەک مانگیی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، رەنگدانەوەی ئەو نیگەرانییە قووڵانەی دامەزراوە ئەمنییەکانە، کە پێیان وایە پێکدادانەکانی ئێستا رەنگە بگۆڕێن بۆ جەنگێکی ناوچەیی گەورەتر کە چەند هەفتەیەک یان زیاتر بخایەنێت.