ماکرۆن: فەرەنسا هێزێکی دەریایی بۆ پاراستنی گەرووی هورمز و دەریای سوور رەوانە دەکات

سەرۆکی فەرەنسا، ستراتیژییەکی نوێی سەربازی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رادەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات، وڵاتەکەی هێزێکی گەورەی دەریایی بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی و پشتیوانی هاوپەیمانەکانی جێگیر دەکات.

دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ قوبرس رایگەیاند، فەرەنسا 8 کەشتیی جەنگی شانبەشانی فڕۆکەهەڵگری "شارل دیگۆل" لە ناوچەکەدا جێگیر دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا فڕۆکەهەڵگرەکە و گروپە دەریایییەکەی لە نزیک دوورگەی کریت و قوبرسن لە دەریای ناوەڕاست.

سەرۆکی فەرەنسا گوتی، پاریس لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خەریکی ئامادەکردنی ئەرکێکی داهاتووی بەرگریی تۆکمەیە بۆ دابینکردنی ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، هەروەها گوتیشی: "دوو کەشتیی جەنگی دیکە رەوانەی دەریای سوور دەکەین لە چوارچێوەی ئەو ئەرکەی یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2024 دەستی پێکردووە".

بەگوێرەی قسەکانی ماکرۆن، کۆی هێزە دەریایییەکانی فەرەنسا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، دەریای سوور و نزیک گەرووی هورمز پێکدێت لە، 8 کەشتیی جەنگی، دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری مۆدێرنی نیشتنەوەی هەلیکۆپتەر، فڕۆکەهەڵگری "شارل دیگۆل".

ماکرۆن لە پەیامێکدا بۆ هاوبەشەکانی فەرەنسا گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە لە پێگەیەکی بەرگریدا بین لەگەڵ هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە لەلایەن ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر".

 سەبارەت بە دۆخی لوبنانیش گوتی: "حزبوڵڵا لوبنانی خستە مەترسییەوە و پێویستە ئیسرائیلیش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رابگرێت، هەروەها جەختی لە پێویستی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز کردەوە".

ئەم لێدوانانەی ماکرۆن دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هات، سەردانەکەی بۆ قوبرس و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرانی قوبرس و یۆنان بە ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکەیە لە ژێر تیشکی پەرەسەندنی ململانێکان لەگەڵ ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.