ئەحمەد شەرع: پشتیوانی عێراق دەکەین

سەرۆککۆماری سووریا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەنگاوەکانی عێراق بە مەبەستی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی جەنگ دەربڕی، هاوکات جەختی کردەوە، هێزە بەرگرییەکانی سووریا لەسەر سنوورەکان بەهێز کراون بۆ رێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک.

دووشەممە 9ـی ئاداری 2026، ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری سووریا، رایگەیاند: "پشتیوانی هەنگاوە یەکلاکەرەوەکانی هەردوو حکوومەتی عێراق و لوبنان دەکەین بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لە وڵاتەکانیان، هەروەها هەڵوێستی خۆمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە یەکخستووە و هێزە بەرگرییەکانمان لەسەر سنوورەکان وەک رێکارێکی خۆپارێزی بەهێز کردووە".

ئەحمەد شەرع، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رێکارە سەربازییانە بۆ ئەوەیە رێگری لە رێکخراوە سنووربەزێنەکان بکرێت کە خاکی سووریا بۆ مەبەستەکانیان بەکاربهێنن.

لە پەیامێکی گرنگدا سەبارەت بە دۆخی لوبنان، شەرع گوتی: "پشتیوانی سەرۆک کۆماری لوبنان دەکەین بۆ داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا"، گوتیشی: "بڕوای تەواومان وایە کە سەقامگیری سووریا بەردی بناغەی سەقامگیری رۆژهەڵاتی عەرەبی و تەواوی ناوچەکەیە".

لە میانەی قسەکانیدا ئەحمد شەرع بە توندی سەرکۆنەی هەوڵەکانی ئێرانی کرد بۆ تێکدانی سەقامگیری پایتەختە عەرەبییەکان و رایگەیاند، سووریا لەبەر ئەوەی لە نێوان سێ بەرەی شەڕدایە، رووبەڕووی لێکەوتەی راستەوخۆ و مەترسیدار بووەتەوە، گوتیشی: "ئەم گرژییانەی ئێستا هەڕەشەیەکی جددیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە".

ئەم لێدوانانەی سەرۆککۆماری سووریا لە کاتێکدایە کە جەنگی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە پێی ناوەتە هەفتەی دووەمەوە، شەڕەکە لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی نێوان تاران و تەلئەڤیڤەوە گۆڕاوە بۆ پێکدادانێکی هەرێمی فراوان کە کاریگەرییەکانی گەیشتووەتە سەر وڵاتانی عێراق، لوبنان، سووریا و ناوچەی کەنداو، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەسەر ئاسایشی وزە و گواستنەوەی دەریایی لە ناوچەکەدا دروست کردووە.