فیلمێکی کوردی خەڵاتی باشترین میوزیکی لە فێستیڤاڵی فیلمی گریفو لە وڵاتی ئیتاڵیا بەدەستهێنا
فیلمی "دەریای هیوا"، کە لە دەرهێنانی جوبرائیل ئەبوبەکرە، لە فێستیڤاڵی فیلمی گریفو لە وڵاتی ئیتاڵیا کە بۆ ماوەی 5 رۆژ بەردەوام بوو، توانی خەڵاتی باشترین میوزیک بەدەستبهێنێت.
سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، جوبرائیل ئەبوبەکر، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ـی گوت، " فیلمی "دەریای هیوا" لەنێو 4 هەزار 600 فیلم، کە 97 وڵات لەو فێستیڤاڵە تێیدا بەشداربوون، تەنیا 120 فیلم وەرگیرا، لەکۆتاییدا فیلمی دەریای هیوا، یەکێک بوو لەو سێ فیلمەی کە کاندیدکرابوو بۆ بەدەستهێنانی خەڵات، خۆشبەختانە توانیمان خەڵاتی باشترین میوزیکی فێستیڤاڵەکە بەدەستبهێنین، ئەوەش بۆ یەکەمینجارە فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵێکی جیهانیدا ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنێت."
جوبرائیل ئەبوبەکر گوتیشی، " فیلمی "دەریای هیوا" کورتە فیلمێکە کە پەردە لەسەر زیانە وێرانکەرەکانی مرۆیی شەڕ لە چاوی ئەو مەدەنییانەی کە لە دوای جەنگەوە گیریان خواردووە، ئاشکرا دەکات، فیلمەکە بە گرنگیدان بە شوێنەواری سۆزداری و جەستەیی ئاوارەبوونی زۆرەملێ، شوێنپێی گەشتەکانی تاکەکان دەگرێتەوە کە ناچارن لە ماڵەکانیان هەڵبێن، هەموو شتێک دەخاتە مەترسییەوە کاتێک بە رێگاکانی مەترسیدار دا دەڕۆن کە مردن و خنکان لە هەموو وەرچەرخانێکدا دەڕوانن، لە گەڕانێکی بێهیوادا بۆ سەلامەتی و ژیانێکی به کەرامەت."
فیلمی "دەریای هیوا" کە لە دەرهێنانی جوبرائیل ئەبوبەکرە، لە ماوەی سێ مانگدا بەشداری لە 22 فێستیڤاڵی سینەمایی کردووە و تا ئێستا 5 خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە.

