تورکیا سیستەمی پاتریۆت لە مەڵاتیا جێگیر دەکات

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی سنوورەکان و ئاسمانی وڵاتەکەی، سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت لە شاری مەڵاتیا جێگیر دەکرێت.

سێشەممە 10ی ئاداری 2026، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "لە چوارچێوەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، رێکاری پێویست بۆ پاراستنی سنوورەکان و ئاسمانی وڵاتەکەمان گیراوەتە بەر و لەگەڵ ناتۆ و هاوپەیمانەکانمان لە راوێژداین."

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "جگە لەو رێکارانەی لەسەر ئاستی نیشتمانی گرتوومانەتە بەر، ناتۆ رێکارەکانی بەرگریی ئاسمانی و موشەکیی زیاتر کردووە. لەم چوارچێوەیەشدا، سیستەمی پاتریۆت کە بۆ پشتیوانیکردن لە پاراستنی ئاسمانی تورکیا تەرخان کراوە، لە مەڵاتیا جێگیر دەکرێت."

وەزارەتی بەرگری تورکیا جەختی لەوەش کردووەتەوە، وڵاتەکەی توانای بەرگریی و ئەمنیی خۆی لە بەرزترین ئاستدا دەپارێزێت و لەگەڵ ناتۆ و هاوپەیمانەکانی لە هەماهەنگیدا دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی پێشهاتەکان، بە ئامانجی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.

سیستەمی پاتریۆت چییە؟
سیستەمی MIM-104 Patriot، یەکێکە لە پێشکەوتووترین سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی (زەوی بۆ هەوا) کە لە لایەن کۆمپانیای "رایتیۆن"ی ئەمریکییەوە بەرهەم دەهێنرێت. ئەم سیستەمە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو پەرەی پێدراوە بۆ تێکشکاندنی فڕۆکە و مووشەکە بالیستییەکان. جگە لە ئەمریکا، چەندین وڵاتی وەک ئیسرائیل، ئەڵمانیا، یۆنان، سعوودیە و قەتەر ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن. تورکیا پێشتریش لە ساڵی 2013 لە رێگەی هاوپەیمانەکانی ناتۆوە ئەم سیستەمەی بۆ پاراستنی سنوورەکانی بەکارهێناوە.