شاندێکی پارتی لەگەڵ سوودانی کۆبووەوە؛ پارەی مووچەی مانگی سێ پێش جەژن خەرج دەکرێت

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، کە هاوکات لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، پارەی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش، پێش جەژنی رەمەزان خەرج دەکرێت.

سێشەممە، 10ـی ئاداری 2026، شاندێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، بە سەرۆکایەتیی فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک پرسی گرنگ تاوتوێ کراون، لە سەروویانەوە پرسی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دۆسیەی هێرشە بەردەوامەکانی سەر هەرێم، لەگەڵ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیاران.

جەختی لەوەش کردەوە، لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، پارەی مووچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش، پێش جەژنی رەمەزان خەرج دەکرێت.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، گوتی: لە کۆبوونەوەکە جەخت لە پێویستیی دۆزینەوە و سزادانی بکەرانی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرایەوە.

بە گوتەی دانەر عەبدولغەفار، لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە روون کراوەتەوە، کە بەهۆی ئەوەی گرووپە چەکدارەکان "سەکۆی گەڕۆک" بۆ هەڵدانی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەکاردەهێنن، تا ئێستا نەتوانراوە بە تەواوی بکەرانی ئەو هێرشانە دەستنیشان بکرێن و بدۆزرێنەوە.