سلێمانی.. فێستیڤاڵی کورتەفیلمی کوردی بەڕێوەدەچێت

بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، فێستیڤاڵی  کورتەفیلمی کوردی، بەبەشداری چەندین فیلمی کوردی و دابەشکردنی چەندین خەڵاتی جۆراوجۆر، بڕیارە فێستیڤاڵەکە لە سلێمانی لە سیتی سینەما بەڕێوەبچێت.

چوارشەممە، 11ی ئاداری 2026، کاوان عەزیز، گوتەبێژی فێستیڤاڵی کورتەفیلمی کوردی بە کوردستان24ی گوت، "هەموو ئەو سینەماکارانەی کە فیلمەکەیان بەشدار دەبێت لەو فێستیڤاڵە گەر فیلمەکانیان داستانی بێت دەبێت ماوەی فیلمەکە 29 خولەک زیاتر نەبێت، بەڵام گەر فیلمەکانیان دۆکیۆمێنتاری بێت، نابێت لە 40 خولەک زیاتر بێت، ئاساییە کەمتر بێت، بەڵام نابێت ماوەکەی زیاتر بێت."

کاوان عەزیز گوتیشی، "وەک نەریتێکی فێستیڤاڵە جیهانیەکان و ستانداردی فیلمی فێستیڤاڵ، فێستیڤاڵ خەڵاتی بۆ 10 پۆل دابەشکردووە لە نێو فێستیڤاڵەکەدا، لەگەڵ  خەڵاتی ڕێزلێنان بۆ هونەرمەندێک لە بوارەکەدا، هەروەها کۆی خەڵاتەکان جگە لە خەڵاتی کۆتایی، لەلایەن لێژنەی دادوەری فێستیڤاڵەوە دەستینشان دەکرێت و لە کۆتایی ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا دەبەخشرێت بەسەر براوەکاندا، وە خەڵاتی کۆتایی کە بە باشترین هونەرمەند دەدرێت، لەلایەن سەرۆک و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەوە دەستنیشان دەکرێت و دەدرێت بە هونەرمەندێک لە بواری سینەمادا."

کاوان عەزیز باس لەو کورتەفیلمانە دەکات کە بەشداری ئەو فێستیڤاڵە دەکەن و دەڵێت، "ئەو فیلمانەی کە تا ئێستا هەڵبژێردراون بۆ بەشداریکردن لەو فێستیڤاڵە وەکو، کورتە فیلمی "بەرگدروەکە"، لە دەرهێنانی بەرزان یونس. کورتە فیلمی "جەژن"، لە دەرهێنانی نەوید زارێ. کورتە فیلمی "سەما بۆ ئازادی"، لە دەرهێنانی سالم سەڵەواتی. کورتە فیلمی "شوێن پێی مێرولەکان"، لە دەرهێنانی ئومید گوچ. کورتە فیلمی "چی ڕویدا!"، لە دەرهێنانی رێبەر ڕابەر. کورتە فیلمی پەرژین، لە دەرهێنانی ساکار عوسمان. کورتە فیلمی "گەڕان"، لە دەرهێنانی مەحسوم تاشکین. کورتە فیلمی "کوڕ"، لە دەرهێنانی سامان حوسێن پوور. کورتە فیلمی "مۆری"، لە دەرهێنانی یەعقوپ تێکین تانگاک."

شایەنی باسە، فێستیڤاڵی کورتەفیلمی کوردی، کە چەندین فیلمی کوردی تێیدا بەشدارن و 11 خەڵاتی جۆراوجۆر دابەشدەکرێت، بڕیارە 4ی نیسانی 2026 لە سلێمانی لە سیتی سینەما بەڕێوەبچێت و ماوەی سێ ڕۆژ بخایەنێت.