وەزارەتی شارەوانی چاکسازی دەکات و ساڵانە حەوت ملیار دینار بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە

لەمەودوا بە پارەیەکی کەمتر و کوالێتی بەرزتر خۆڵ و خاشاکی هەولێر کۆدەکرێتەوە

کارمەندانی شارەوانی لەکاتی خاوێنکردنەوەی گەڕەکێکی هەولێر
کارمەندانی شارەوانی لەکاتی خاوێنکردنەوەی گەڕەکێکی هەولێر

K24 - هەولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ رایگەیاند بەهۆی چاکسازی لە گرێبەستەکانی خاوێنکردنەوە، ساڵانە حەوت ملیار دینار بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێ "لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گرفتی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە شاری هەولێر و دەوروبەری چارەسەر دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی پرۆسەی تەندەرینگ و بانگەواز بۆ (10) پرۆژەی كۆكردنەوەی خاشاك و گواستنەوە و خاوێنكردنەوە لە پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا گرێبەست لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆ كرا".

گرێبەستە نوێیەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ کۆمپانیاکانی خاوێنکردنەوە، بەپێی وەزارەتی شارەوانی دەبێتە هۆی ئەوەی "ساڵانە بڕی نزیكەی 7 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە و كوالێتی پرۆسەی خاوێنكردنەوەش بەرز كراوەتەوە و چەند زۆنێكیش زیادكراون، ئەمەش دەستکەوتێکی دیکەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".

پرۆسەكەی تەندەرینگ لە هەولێر بەپێی راگەیەندراوەکە "هیچ قۆرخكارییەكی تێدا نەكراوە و بەپێى یاسا و رێنماییەکانى گرێبەستە گشتییەکانى ساڵى 2016 بە بەشداری 21 كۆمپانیای خۆماڵی ئەنجامدراوە، بەهۆی ئەوەی گرێبەستە كۆنەكانی خاوێنكردنەوە لە شاری هەولێر و دەوروبەری ماوەكەیان لە 31/12/2020 تەواو دەبوو، بۆیە لەپێناو باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و چارەسەرکرنی گرفتی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، گرێبەستەکان گۆڕدران، لەمەودوا بە پارەیەکی کەمتر و کوالێتی بەرزتر خۆڵ و خاشاکی هەولێر کۆدەکرێتەوە".

پرۆژەکانی کۆکردنەوەی خاشاک

شەش پرۆژە لە گرێبەستە نوێیەکانی خاوێنكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرن و هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی ناو شار دەگرێتەوە. چوار گرێبەستەكەی دیكەشیان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێرن و بەسەر زۆنەكانی: بنەسڵاوە، کەسنەزان، دارەتوو، عەنكاوە، بەحرکە، شاوێس، پیرزین، سێبەردان، کانی قڕژاڵە، شەقڵاوە، هەریر، باسرمە، بالیسان، کۆڕێ، هیران، دابەشكراون.

لە گرێبەستە نوێكاندا، جگە لە گەڕانەوەی نزیکەی حەوت ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بۆ خەزێنەی حکومەت، لە رووی هونەریشەوە، چەندان زۆنی خاوێنكردنەوە زیادكراون و سیستەمى (GPS)یش بۆ چاودێرىکردنى ڕێڕەوى کارکردنى ئامێرەکان دادەنرێت و كوالێتی پرۆسەكەش بە گشتی گۆڕانكاری بەسەردا دێت، وەك بەرزكردنەوەی مۆدێلی ئۆتۆمبێلەكانی خزمەتگوزاریی بۆ مۆدێلی 2018 و كۆنتڕۆڵكردنی دیاردەی فڕێدانى پاشماوەى بیناسازى و چاودێریکردنى ئەم جۆرە خاشاکە. لەگەڵ دانان و دامەزراندنى وێستگەى ناوەندى بۆ کۆکردنەوەى خاشاک و گواستنەوەیان بۆ زبڵخانە.

هەروەها لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێریش ژمارەی پرۆژەكان لە 6 گرێبەستەوە بۆ هەشت پڕۆژە و 132 ئامێری خزمەتگوزاریش زیادكراون، واتە لە گرێبەستە نوێکاندان بەمەبەستی پەرەپێدانی زیاتر بە سێکتەری خاوێنکردنەوە، ژمارەى ئامێرەكان بۆ 614 ئامێر بەرزكراونەتەوە، وێڕای ئەمانە خاوێنکردنەوەى شەقامەکانى 120 مەتری و 150 مەتری، پرۆژه‌كانی نیشتەجێبوونی وه‌به‌رهێنان زیادکراون، كه‌ ده‌یان هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون و بازرگانی ده‌گرێته ‌خۆی و به‌شێكی فراوانی شاری هه‌ولێر پێكده‌هێنن.

 

Fly Erbil Advertisment