سوپای ئیسرائیل: قۆناخێکی دیکەی هێرشەکانمان بۆ سەر تاران دەستپێکرد
لە 14ەمین رۆژی جەنگدا، زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز تارانی پایتەختی ئێرانی هەژاند و سوپای ئیسرائیلیش رایدەگەیەنێت، قۆناخێکی نوێی هێرشە بەرفراوانەکانیان بۆ سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران دەستپێکردووە.
رۆژی هەینی 13ی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا راگەیاند؛ "دەستمان کردووە بە شەپۆلێکی نوێ و بەرفراوانی هێرشەکان کە ژێرخانی رژێمی ئێران لە سەرتاسەری تاران دەکاتە ئامانج." هاوکات میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە، دەنگی تەقینەوەی بەهێز و فڕۆکەی جەنگی لە شاری کەرەج، لە رۆژئاوای تاران بیستراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل، تەنیا لە رۆژی پێنجشەممەدا زیاتر لە 200 ئامانج لە ناوەڕاست و رۆژئاوای ئێران کراونەتە ئامانج. ئیسرائیل دەڵێت فڕۆکە جەنگییەکانیان 20 هێرشی گەورەیان ئەنجامداوە و تێیدا سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکی بالیستی، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و کارگەکانی بەرهەمهێنانی چەکیان وێران کردووە.
ئەم جەنگە لە رۆژی شەممە 28ی شوبات، بە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد، کە لە ئەنجامدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا. لەو کاتەوە تا ئێستا، تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە و ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی ناوچەکەی کردووەتە ئامانج، ئەمەش وایکردووە ململانێکان بگەنە لوتکە و ناوچەکە رووبەڕووی ناسەقامگیرییەکی گەورە ببێتەوە.