نەتەوە یەکگرتووەکان: لە 12 رۆژی رابردوو 3.6 ملیۆن کەس لە ناوخۆی ئێران ئاوارەبوون
بەهۆی بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، پایتەختی ئێران رووبەڕووی شەپۆلێکی بێ وێنەی کۆچکردن بووەتەوە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایدەگەیەنێت، ژمارەی ئاوارەکان لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا 3.2 میلیۆن کەسی تێپەڕاندووە، هاوکات تاران جەخت لە مانەوەی توانای مووشەکی خۆی دەکاتەوە.
کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 3.2 ملیۆن کەس لە ناوخۆی ئێران بەهۆی جەنگەوە ئاوارە بوون. سەرەڕای ئەوەی واشنتن دەڵێت تواناکانی ئێرانیان تێکشکاندووە، بەڵام تاران قسەکانی ئەمریکا رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە هێشتا مووشەکەکانیان توانای پێکانی ئامانجە جیاوازەکانی ناوچەکەیان هەیە.
لە لایەکی دیکەوە محەممەد ساڵح سدقیان، شرۆڤەکاری سیاسی و دانیشتووی تاران ئاشکرای کرد، بەهۆی چڕی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پایتەختی ئێران، لە نێوان 5 بۆ 6 میلیۆن کەس تارانیان بەرەو ناوچە ئارامەکان جێهێشتووە. سدقیان ئاماژەی بەوەش کرد، ژیانی رۆژانە بە نیوەچڵی ماوەتەوە؛ بازاڕ و بانکەکان کراوەن، بەڵام سووتەمەنی بە رێژەیەکی سنووردار دابەش دەکرێت و بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک تەنیا 20 لیتر تەرخان کراوە. هەروەها ئاسمانی وڵات بە تەواوی داخراوە و تەنیا شەمەندەفەر و گواستنەوەی وشکانی لە نێوان شارەکاندا ماوە، ئەوەش لەکاتێکدایە جەژنەکانی نەورۆز و رەمەزان نزیک دەبنەوە.
لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکات جەنگەکە بەم زووانە کۆتایی بێت. ترەمپ بەڵێنیدا کە ئاستێکی بەرزی ئاسایش بۆ بارهەڵگرە نەوتییەکان لە گەرووی هورمز دابین بکەن، کە 20%ـی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. سەبارەت بە هەر هەڕەشەیەکی ناوخۆیی بۆ سەر ئەمریکا، ترەمپ گوتی: "نیگەران نیم، دەزگا ئەمنییەکانمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک ئامادەن."