لە رۆژی لەدایکبوونی مەلا مستەفا بارزانیدا یەکەمین ژمارەی گۆڤاری "1=2+2" بڵاودەکرێتەوە
بڕیارە بەرەبەیانی سبەی شەممە، 14ی ئاداری 2026، گۆڤارێکی نوێ بە ناوی "1=2+2" دەست بەکارەکانی بکات و یەکەم ژمارەی خۆی بخاتە بەردەست خوێنەران، کە وەک پڕۆژەیەکی سیاسی و فیکری بۆ خزمەتکردنی پرسی یەکێتیی نەتەوەیی و ئاشتی پێناسە دەکرێت.
غازی عادل گەردی، سەرنووسەری گۆڤارەکە لەبارەی ناو و دیدگای ئەم پڕۆژە رۆژنامەوانییە رایگەیاند؛ "1=2+2" تەنیا هاوکێشەیەکی ماتماتیکی نییە، بەڵکو دیدگایەکی سیاسی، ئەخلاقی و مێژووییە. ئاماژەی بەوەش کرد، لە جیهانێکی پڕ لە ناکۆکی و بەرژەوەندیی تاڵدا، ئەم گۆڤارە لەو باوەڕەوە سەری هەڵداوە کە "کاتێک کورد یەکبگرێت، دەبێتە هێزێکی بێوێنە لە خزمەت ئاشتی، کەرامەت و مافەکانی گەلاندا."
سەرنووسەری گۆڤاری "1=2+2" جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی سەرەکییان یەکێتیی گەلی کوردە، لە دەرەوەی هەموو سنوورەکان و جیاوازییە پارتایەتی و ئایدۆلۆژییەکان. گوتیشی: "مێژوو سەلماندوویەتی دابەشبوون کاریگەرترین چەک بووە دژ بە کورد، بۆیە ئێمە پارێزگاری لە یەکێتییەکی هۆشمەندانە و بەرپرسیارانە دەکەین کە لەسەر بنەمای دیالۆگ و رێزی دوولایەنە بێت."
غازی عادل گوتیشی، گۆڤارەکە پابەند دەبێت بەوەی پرسی کورد بە جیدی و روونی بخاتە روو، وەک پرسێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، نەک تەنیا وەک پێکدادانێکی ناوخۆیی. ئاماژەی بەوەش دا، گۆڤارەکە شیکاری و پێشنیازی سیاسی پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە چارەسەرێکی بەردەوام و دوور لە توندوتیژی و لۆژیکی وێرانکەر.
گۆڤاری"1=2+2"، لە ژمارەی یەکەمیدا بە هەردوو شێوەزاری ئارامی و کرمانجی چاپکراوە و بڵاو دەکرێتەوە بەڵام لە ژمارەکانی داهاتوو شێوەزارەکانی دیکەش لەخۆ دەگرێت. نووسەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە شێوەیەکی خۆبەخش و بێبەرانبەر بابەتەکانیان لەنێو رۆژنامەکەدا بڵاو دەکەنەوە.